رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس کۆنترۆڵی باکووری کەرتی غەززەی لەدەستداوە، کاردەکەن بۆ گێڕانەوەی بارمتەکان بۆ ماڵەکانیان و هەڵوەشاندنەوەی حەماس بەشێوەیەکی سیاسی و سەربازی.
یۆاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، رایگەیاند، حەماس کۆنترۆڵی باکووری غەززەی لەدەستداوە و ئەوان کۆنترۆڵی سەرەوە و نێوەڕاستی باکووری غەززەیان کردووە. دەشڵێت، لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبن.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، "بارمتەکان دەگێڕینەوە ماڵەکانیان و دەبینەهۆی هەڵوەشاندنەوەی حەماس، بە شێوەیەکی سەربازی و سیاسی." هەروەها جەختی لەوەش کردەوە، بە هەموو هێزیانەوە کاردەکەن ئەوەش بۆ دڵنیابوونەوەیان لە ئاسایشی هاووڵاتییانیان.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە کە لەنێو هاووڵاتییە سڤیلەکانی باکووری کەرتی غەززە و نەخۆشخانەکاندا "هەزاران تیرۆریست" هەن و ئێستا لەگەڵ نزیکەی سێ هەزاریان لەشەڕدان.
ئەو گوتانەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لەکاتێکدان کە درەنگی شەوی چوارشەممە، 14-11-2023، حەماس بڵاویکردەوە، "ئێمە داگیرکەرەکان (ئیسرائیل) و بایدن بە بەرپرسی تەواوی هێرشەکەی سەر کۆمەڵگەی پزیشکیی شیفا دەزانین." راگەیێندراوەکەی حەماس ئاماژەی بەوەدا کە ئەوە کۆشکی سپییە گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل داگیرساندووە "بە بیانووی ئەوەی چەکدار و چەک لەنێو نەخۆشخانەکە هەن"، هێرش بکەن و "کۆمەڵکوژیی زیاتر" بکەن.
ئەو گوتانەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و راگەیێندراوەکەی حەماس لەکاتێکدان رۆژی سێشەممە جۆن کێربی، گوتەبیژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند: "حەماس و جیهادی ئیسلامی فەرماندەیی ناوەندییان لە نەخۆشخانەی شیفای شاری غەززە هەیە". هەروەها گوتیشی، "حەماس و جیهادی ئیسلامی چەکیان لەو فەرماندەییەیان کۆگاکردووە و ئامادەی وەڵامدانەوەی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیلن".
ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند کە ئەوان "ئۆپەراسیۆنێکی ئامانجدار" دەکەنە سەر چەند خاڵێکی نەخۆشخانەی شیفا بە "گومانی هەبوونی نێوەندێکی فەرماندەیی حەماس لەژێر نەخۆشخانەکە."
40 رۆژە جەنگی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە کە رۆژی 7ی تشرینی یەکەم، حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵاین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و، گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززەش چووە نێو شەڕەکە.
بە گوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتی غەززە و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، تاوەکو ئەمڕۆ و لە رۆژی 7ی تشرینی یەکەمەوە زیاتر لە 12 هەزار و 500 کەس لە هەردوولا کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ