ئاگربەستی کاتی لەنێوان حەماس و ئیسرائیل راگەیێندرا

رووداو - هەولێر

لەدوای دوو رۆژ لە هەڵکشانی سەربازی و چەکداری نێوان ئیسرائیل و هێزە چەکدارییەکانی حەماس لە کەرتی غەززە، ئاگربەست لەنێوان هەردوولا بۆ ماوەیەکی کاتی راگەیێندرا، ئاگربەستەکە بەنێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەستتێوەردانی راستەوخۆی مسرییەکانە.

فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند "ئێمە، ئاگاداری دوا راپۆرتەکانین. میسر و نەتەوە یەکگرتووەکان بە چڕی کاریان کردووە بۆ ئەوەی دڵنیایی هەبێت لە گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 2014. ماڵدینۆڤ، هەماهەنگکاری تایبەت پێی وایە داکشان لە دوایین گرژییەکان بە سوودی فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکان دەبێت".

لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا لە وەڵامی هەڵکوتانێكی سەربازی ئیسرائیل بۆ نێو کەرتی غەززە، هەندێ سەرچاوە باس لەوە دەکەن بزووتنەوەی حەماس زیاتر لە 460 مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئیسرائیلی نزیک لە سنووری کەرتەکە کردووە و، بووەتەهۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی سێ کەسی دیکە.
 
لەبەرامبەردا، هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل نزیکەی 160 ناوچەیان لە کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج کە یەکێکیان تەلەڤیزیۆنی ئەقسای سەر بە بزووتنەوەی حەماسە.

وەزارەتی تەندروستی غەززەش لەبارەی ئاماری قوربانییەکان رایگەیاندووە: حەوت کەس کوژراون و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون.

رەغدە حەواس، دایکی کوژراوێکی فەلەستینی دەڵێ "لە بۆردوومانەکە هەڵاتین، بەخودا لە بۆردوومانەکە هەڵاتین و هەموومان چووینە ژوورێکەوە و خۆمان حەشاردا، لەپڕ کوڕەکەم چووە دەرەوە، نازانم بۆچی چووە دەرەوە، ئەی خودای من ئێمە چیمان کردووە؟ ئەوان ئێمەیان بۆردوومان کرد! چی بکەین ؟ دامانە دەست خودا".

ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان ناڕەزایەتی بەشێكی کەمی فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکانی لێکەوتووەتەوە، کە هەردوولا ئاگربەستەکە بە ملکەچبوون بۆلایەنی بەرامبەر دادەنێن.

دوایین هەڵکشانی نێوان ئیسرائیل و کەرتی غەززە بە تووندترین هەڵکشانی سەربازی دادەنرێت لەدوای شەڕی نێوان هەردوولا لە ساڵی 2014.

لە ساڵی 2007ـەوە بزووتنەوەی حەماس کۆنترۆڵی کەرتی غەززە دەکات و لەو ساڵەوە ئیسرائیل و میسر گەمارۆی کەرتەکەیان داوە، پێکدادان و هەڵکشانە سەربازییەکان لەنێوان هەردوولا جارجار سەرهەڵدەدەنەوە.


داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار