سەرۆکوەزیرانی لوبنان: هەموو کارێک بۆ پاراستنی فڕۆکەخانەی بەیرووت دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی لوبنان دەڵێت، ئامادەن ئیسرائیل بیانووبڕ بکەن بۆئەوەی هێرش نەکاتە سەر فڕۆکەخانەی بەیرووت. ئاماژە بەوەش دەکات، ژمارەی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی لە باشووری وڵات دوای ئاگربەست زیاد دەکات.
 
رۆژی سێشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2024 نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان رایگەیاند، "ئێستا 4500 سەربازمان لە باشووری لوبنان هەیە، بەڵام ئامادەین بۆ 7000 تاوەکو 11000 زیادیان بکەین." ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کاتێک ئاگربەست راگەیێندرا، ئامادەن ئەو سەربازە زیادانە بگوازنەوە ناوچە سنوورییەکان.
 
ئەو گوتانەی سەرۆکوەزیرانی لوبنان لەکاتێکدان، 2 هەفتەیە سوپای ئیسرائیل دەستی بە ئۆپەراسیۆنی زەوینی بۆ باشووری لوبنان کردووە و دەڵێت، ئەو هەنگاوەی بە مەبەستی دروستکردنی ناوچەی داماڵدراو لە چەک و دوورخستنەوەی چەکدارانی حیزبوڵـڵایە بە دووری 5 کیلۆمەتر لە سنووری وڵاتەکەی.
 
لەبارەی مەترسی سەر فڕۆکەخانەی بەیرووت و بۆردوومانکردنی لەلایەن ئیسرائیلەوە بە بیانووی هەبوونی چەکداری حیزبوڵـڵا تێیدا، میقاتی گوتی، "حکومەت هەموو کارێک بۆ نەهێشتنی بیانووەکانی ئیسرائیل دەکات"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە هەفتەیەکە رێکاری ئەمنی تووندیان لە فڕۆکەخانەی بەیرووت بۆ ئەو مەبەستە گرتووەتە بەر.
 
ئەیلوولی ئەم ساڵ سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، رێگەنادەن ئێران فرۆکەخانەی بەیرووت بۆ یارمەتیدانی حیزبوڵـڵا بەکاربێنێت و هۆشداریشیدا کە ئەگەر هەر جووڵەیەکی لەو شێوەیە بەدی بکەن، بۆردوومانی دەکەن.
 
8ی تشرینی یەکەمی 2023، جەنگی حیزبوڵـڵا و سوپای ئیسرائیل دەستیپێکرد. لە 1ی تشرینی یەکەمی 2024ەوە زیاتر لە 250 چەکدار و فەرماندەی گرووپەکە لە باشووری لوبنان و 12 سەربازی ئیسرائیلیش کوژراون.