ئیسرائیل بە ئەمریکا دەڵێت لە بنکە ئەتۆمییەکان و نەوتی ئێران نادات

دوێنێ کاژێر 09:49
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئیسرائیل ئەمریکای دڵنیاکردووەتەوە لەوەی هێرش ناکاتە سەر بنکە ئەتۆمییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی ئێران، بەڵکو لە پێگە سەربازییەکانی دەدات. 
 
ئیسرائیل بەڵێنیداوە لە وەڵامی هێرشەکەی 1ی تشرینی یەکەمی ئێران بداتەوە. 
 
رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە زاری دوو سەرچاوەی ناونەنهێنراوەوە بڵاویکردووەتەوە، گوایە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە کۆشکی سپی گوتووە، لە وەڵامدانەوەی ئێراندا، تەنیا پێگە سەربازییەکان دەکەنە ئامانج.  
 
هەروەها رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، بە گەڕانەوە بۆ قسەی چەند بەرپرسێکی ناونەهێنراوی ئەمریکی، باس لەوە دەکات، هەفتەی رابردوو، نەتەنیاهوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ئەو بەڵێنەی بە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا داوە. هەروەها یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیدا لەگەڵ لۆید ئۆستنی هاوتە ئەمریکییەکەی، هەمان بەڵێنی دووپاتکردووەتەوە. 
 
واشنتن پۆست دەڵێت، وازهێنانی ئیسرائیل لە نیازی هێرشکردنە سەر پێگە ئەتۆمی و نەوتییەکانی ئێران، "بووە هۆی ئاسوودەیی لە واشنتن".
 
بایدن هۆشداریی بە ئیسرائیل دابوو کە هێرش نەکاتە سەر بنکە ئەتۆمی یان کێڵگە نەوتییەکانی ئێران بۆ ئەوەی جەنگێکی هەرێمی دروستنەبێت، لە کاتێکدا جەنگێکی لەو جۆرە نرخی نەوت لە سەرانسەری جیهان بەرزدەکاتەوە. 
 
ئێران لە هێرشەکەی 1ی تشرینی یەکەمدا بە نزیکەی 200 مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی تۆڵەی کوژرانی سەرکردەکانی حەماسی فەلەستینی و حیزبوڵڵای لوبنانی و جەنەڕالێکی خۆی بکاتەوە. 
 
ئەوە دووەم هێرشی راستەوخۆی ئێران بوو لە مێژوودا بۆ سەر ئیسرائیل دوای ئەوەی لە نیسان بۆ یەکەم جار بە درۆن و مووشەک وەڵامی هێرشێکی ئیسرائیلی بۆ سەر باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق دایەوە. 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. وێنە: AFP

نەتەنیاهوو: حیزبوڵڵا 10 هەزار مووشەکی تێگرتووین

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی نوێدا دەڵێت، لە ساڵی پارەوە حیزبوڵڵا زیاتر لە 10 هەزار مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. ئەو هەروەها ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە کە گوایە سوپای ئیسرائیل بە ئەنقەست هێرشی کردبێتە سەر هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ داوایان لێدەکات بۆ ماوەیەکی کاتی لە ناوچەی شەڕ دووربکەونەوە.