رەئیسی بۆ ماکرۆن: کوشتاری خەڵکی غەززە نەوەستێت بەرەی شەڕ فراوانتر دەبێت

15-10-2023
سینا سۆما
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆککۆماری فەرەنسا لەبارەی فراوانبوونی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل قسەی کرد و هۆشداریدا "ئەگەر ئێسرائیل لە هێرشەکانی بەردەوام بێت و کۆتایی بە کوشتاری خەڵک و گەرمارۆی سەر غەززە نەهێنێت، باردۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت و بەرەکە فراوانتر دەبێت."
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، ئەمرۆ یەکشەممە، 15-10-2023، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئیمانوئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشت و شەری نێوان حەماس و ئیسرائیل و بارۆدۆخی غەززەیان تاوتۆیکرد.
 
محەمەد جەمشیدی، بەرپرسی کاروباری سیاسیی نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاندووە، "رەئیسی لە وەڵامی پەیوەندی تەلەفۆنیی ئیمانوئێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسادا جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر تاوانەکانی رژێمی زایۆنی وەک کوشتار و گەرمارۆی سەر خەڵکی کەرتی غەززە رانەوەستێت، بارۆدۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت و بەرەکە فراوانتر دەبێت."
 
تاوەکو ئێستا کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماری فەرەنسا لەبارەی ئەو گفتوگۆیەی نێوان ماکرۆن و رەئیسی هیچ زانیارییەکی بڵاو نەکردووە.
 
رۆژی هەینی، 13-10-2023، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ لوبنان لە بەیروت لەگەڵ حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان کۆبووەوە و رایگەیاند، "ئەگەر گەمارۆی سەر غەززە و بۆردوومانکردنی خەڵکی ناوچەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە بەردەوام بێت، ئەگەری کردنەوەی بەرەیەکی دیکەی شەر دژ بە ئیسرائیل لەلایەن هێزەکانی بەرەی خۆڕاگرییەوە هەیە."
 
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ـی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند. ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵاین"ـی راگەیاند.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئیسرائیل و غەززە، بەهۆی شەڕی نێوان هەردوولاوە تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 850 کەس کوژراون و 12 هەزار و 442 کەسی دیکەش بریندارن.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە