رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی دەستپێکردنەوەی شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک ئاوارە بوون و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش هۆشداری لە خراپیی دۆخی غەززە دەدەن و دەشڵێن، خەڵکی غەززە پێویستیان بە هاوکاریی مرۆیی بەپەلەیە.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "لە باشووری غەززە نەخۆشخانەکان پڕبوون و ناتوانن هەزاران نەخۆشی دیکە بەهۆی شەڕەکەوە وەربگرن. سیستمی تەندروستی لە لێواری رووخاندایە. تەرمخانەکان پڕبوون. 11 کارمەندی تەندروستیمان کوژراون کاتێک لە ئەرکدا بوون و لە چەند رۆژی رابردوودا 34 هێرش بۆ سەر ناوەندە تەندروستییەکان هەبوون. هەموو ناوچەکە رووبەڕووی قەیرانی ئاو بووەتەوە کاتێک کە ژێرخانەکەی زیانی بەرکەوتووە و هیچ کارەبایەک بۆ ترومپاکان و خاوێنکردنەوەی ئاو نییە."
کۆچی بەلێشاوی خەڵکی باکووری غەززە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە سوپای ئیسرائیل هۆشداریی بە زیاتر لە یەک ملیۆن دانیشتووانی ناوچەکە دا بەرەو باشوور بڕۆن، چونکە ئیسرائیل پێیوایە باکووری غەززە زۆرترین بنکە و بارەگا و چەکداری حەماسی لێیە.
دوای داواکەی ئیسرائیلیش هەزاران خەڵک دەستیان بە جێهێشتنی ناوچەکانیان کرد. لە هەشت رۆژی یەکەمی شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا، نزیکەی نیو ملیۆن کەس لە کەرتی غەززە ئاوارە بوون.
هوەیدا سەعد، ئاوارە دەڵێت، "دەمەوێت بگەڕێمەوە ماڵەکەم. هیچ شتێکم نییە جگە لە ماڵەکەم. پێویستە بچم بۆ کوێ؟ دەمەوێت بگەڕێمەوە ماڵەکەم، هیچ شوێنێکی دیکەم نییە. دەیانەوێت بڕۆینە میسر؟ نامەوێت بڕۆمە میسر. دەمەوێت بڕۆمەوە ماڵەکەم."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئیسرائیل و حەماس، لە هەشت رۆژی یەکەمدا بەهۆی شەڕی نێوانیانەوە زیاتر لە 3500 کەس کوژراون و زیاتر لە 12100 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ