پزیشکانی بێسنوور داوا لە ئیسرائیل دەکات بەرامبەر غەززە "مرۆڤایەتی بنوێنێت"

15-10-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن غەززە ئیسرائیل فەلەستین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی خێرخوازیی پزیشکانی بێسنوور (MSF) کە بنکەکەی لە جنێڤی سویسرایە، داوای لە ئیسرائیل کرد، لە هێرشەکانیدا بۆ سەر کەرتی غەززە، مرۆڤایەتی بنوێنێت و رایگەیاند، دۆخی کەرتە گەمارۆدراوەکە "زۆر خراپ و لەتوانابەدەرە."
 
پزیشکانی بێسنوور رۆژی شەممە (14-10-2023)، رایگەیاند لەوە دەترسن ئەو خەڵکەی ناتوانن غەززە جێبهێڵن، وەک نەخۆشەکان، برینداران و ستافی پزیشکی، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە "لەنێوببرێن"، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل داوای لە فەلەستینییەکان کرد باکووری غەززە جێبهێڵن، پێش ئەوەی دەست بە هێرشێکی زەوینیی چاوەڕوانکراو بکات. 
 
MSF هەروەها داوایکرد رێگە بە خەڵک بدرێت لە رێگەی میسرەوە لە کەرتی غەززە بچنەدەرەوە، کە لە لایەن ئیسرائیلەوە ئاو، خۆراک، غاز و کارەبای لەسەر بڕاوە. 
 
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "لەکاتێکدا ئیسرائیل ماوەی یەک هەفتەیە بێ دەستپاراستن کەرتی غەززە بۆردووماندەکات، ئێمە داوا دەکەین سەرەتاییترین (هەڵوێستی) مرۆڤایەتی پێشانبدرێت."
 
ئەو رێکخراوە ئاماژە بەوەش دەکات، داواکەی ئیسرائیل بەوەی دەبێت ملیۆنێک و 100 هەزار دانیشتوو باکووری غەززە جێبهێڵن، "لە شوێنێكدا کە خۆی رێژەی دانیشتووانی بەشێوەیەکی لە رادەبەر زیادە و خۆراک، ئاو و چاودێریی تەندروستییان دەستناکەوێت، داواکاریێکی پووچە و مایەی قبووڵکردن نییە." 
 
MSF دەڵێت "ئێمە، لە رادەبەدەر نیگەرانی چارەنووسی ئەوانەین کە ناتوانن بڕۆن، وەک برینداران، نەخۆشەکان و ستافی پزیشکی. ئێمە، ترسمان هەیە لە رۆشنایی راگەیێندراوەکانی کاربەدەستانی سوپای ئیسرائیلدا بسڕدرێنەوە." 
 
رێکخراوەکە داوا دەکات لە باکووری غەززە ناوچەی ئارام دروست بکرێت و ئاگربەست رابگەیێندرێت.
 
راگەیێندراوەکەی پزیشکانی بێسنوور دەڵێ "داوا لە بەرپرسانی ئیسرائیل دەکەین مرۆڤایەتیی بنوێنن. ئێمە هەروەها داوا دەکەین رێگە بۆ ئەوانە بکرێتەوە کە دەیانەوێت لە رێگەی دەروازەی سنووری رەفەحەوە بڕۆنە دەرەوە بێ ئەوەی مافی گەڕانەوەیان بکەوێتە مەترسییەوە."
 
رەفەح، تاکە دەروازەی سنووریی غەززەیە کە لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدا نەبێت، بەڵام زۆربەی کات خەڵکەکە ناتوانن لەوێوە بڕۆنە میسر، بەهۆی داخرانی بەردەوام و پێویستبوون بە چەندین مۆڵەت. 
 
لەم چەند رۆژانەی دواییدا، دەروازەکە داخرا دوای ئەوەی ئیسرائیل دیوی نێو کەرتی غەززەی بۆردوومانکرد. 
 
پزیشکانی بێسنوور دەڵێت، زۆربەی ستافەکەی بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلەوە ناچاربوون ئۆفیسەکانیان چۆڵکەن و بەرەو باشووری غەززە بڕۆن. 
 
دوایین ئاماری ژمارەی قوربانییان لەئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەپێی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، کە سەر بە بزووتنەوەی حەماسە و بەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 15-10-2023) بڵاوی کردووەتەوە، گەیشتووەتە 2329 گیانلەدەستدان و برینداربوونی 9042 کەسی دیکە.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە