رووداو دیجیتاڵ
دەزگای پاراستنی پەنابەرانی فەلەستینی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "پێویستە گەمارۆ لەسەر کەرتی غەززە هەڵبگیرێت." لەبارەی هاوکارییەکانیانەوە بۆ کەرتەکە هۆشداریدا کە ناتوانن لەمڕۆ (یەکشەممەوە) هاوکاریی مرۆیی بگەیەننە هاووڵاتییانی غەززە.
رۆژی یەکشەممە، 15-10-2023، فیلیپ لازارینی، کۆمیسیاری گشتیی ئاژانسی کار و فریاگوزاریی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناسراو بە (UNRWA) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ماوەی هەشت رۆژە دڵۆپێک ئاو، دەنکێک گەنم، لیترێک سووتەمەنی نەچووەتە نێو غەززە." هۆشداری تووندی لەبارەی دۆخی ئەو کەرتەوە دا و گوتی، "لە ئەمڕۆوە تیمەکانمان لە غەززە ناتوانن هاوکاریی مرۆیی پێشکێش بکەن."
بە گوتەی فیلیپ لازارینی، "غەززە خەریکە دەخنکێندرێت و پێدەچێت ئەو شەڕە مرۆڤایەتی لەدەستدابێت. هەموومان دەزانین ئاو واتە ژیان، غەززە خەریکە ئاو و ژیانی لێدەبڕێت."
رۆژی یەکشەممە، 15-10-2023، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، بە تەلەفۆن قسەیان کرد، دوابەدوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، ئیسرائیل کاتز، وەزیری وزەی ئیسرائیل رایگەیاند، "دووبارە ئاو دەگاتەوە دانیشتووانی غەززە."
جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکاش گوتی، "لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا پەیوەندیم لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکانمدا کردووە و پێیان گوتووم کە بۆریی ئاوەکەیان لە باشووری غەززە کردووەتەوە."
شارەوانیی بەنی سوهەیلا، کە شارۆچکەیەکی سەر بە پارێزگای خان یونسە لە کەرتی غەززە، ئاماژەی بەوەکرد کە ئاو گەیشتووەتەوە ئەو کەرتە و خەڵک دەتوانن بەکاری بهێنن.
بزووتنەوەی حەماس لە 7-10-2023، ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند، لە وەڵامدا ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵاین"ـی راگەیاند و هەمان رۆژ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەیامێکی تووندی ئاراستەی حەماس کرد و گوتی،" ئیسرائیل بە رۆژانێکی سەختدا تێدەپەڕێت، بەڵام حەماس باجی ئەم کارەی دەدات."
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە دوو هەزار و 670 کەس و نۆ هەزار و 600ـی دیکەش برینداربوون. لە کەرتی رۆژئاوای فەلەستینیش، تائێستا لانیکەم 54 کەس کوژراون و هەزار و 100ـی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، سەروو هەزار و 400 کەس لە ئیسرائیل بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە کوژراون و لانیکەم سێ هەزار و 400 کەس بریندارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ