لە پێکدادانێکی نێوان هێزێکی سەر بە سەرۆکی فەلەستین و سوپای ئیسرائیلدا سێ کەس دەکوژرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی چوارشەممە 14-9-2022، لە پێکدادانی نێوان سوپای ئیسرائیل و ژمارەیەک چەکداری سەر بە گرووپێکی چەکداریی فەڵەستین لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین نزیک شاری جەنین دوو چەکداری فەڵەستینی و سەربازێکی ئیسرائیلی کوژران. هێزە فەڵەستینییەکە سەر بە پارتەکەی مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستینە.
 
دوای رووداوەکە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەفسەرێکی سوپاکەیان لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناوچەی گیلۆبا لەلایەن چەند چەکدارێکی فەڵەستینییەوە کوژراوە، هاوکات چەکدارە فەڵەستینییەکانی بە "تیرۆریست" ناوبرد.
 
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین مردنی دوو چەکداری فەڵەستینی لە نزیک خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی فەڵەستین لە ناوچەی جەلەمێ پشتڕاستکردەوە. چەکدارەکان تەمەنیان 23 و 22 ساڵ بووە بە ناوەکانی ئەحمەد ئەیمەن ئیبراهیم و عەبدولڕەحمان هەنی کە لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندی کوفردانن لە دەرەوەی شاری جەنین.
 
سوپای ئیسرائیلیش راگەیاند، ئەو ئەفسەرە ئیسرائیلییەی لە پێکدادانەکەدا گیانی لەدەستداوە ناوی بار فەلاحە و تەمەنی 30 ساڵە، لە گۆڕستانی سەربازان لە نیتانیای باکووری تەلئەڤیڤ بەخاکسپێردراوە.
 
هێزەکانی ئەقسا، کە سەر بە پارتی فەتحی مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستینن، بەرپرسیارێتیی کوشتنی ئەفسەرە ئیسرائیلییەکەیان لەئەستۆ گرت و رایانگەیاند، "دوای پێکدادانێکی چەند کاژێری لەنێوان جەنگاوەرە پاڵەوانەکانمان و هێزەکانی داگیرکەر، سەربازەکانمان کە سەر بە لیواکانی ئەقسان، توانییان ئەفسەر بار فەلاح بکوژن."
 
یائیر لاپید، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریی لەبارەی پێکدادانی گەورەی نێوان سوپای وڵاتەکەی و گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین دا و گوتی، بار فەلاح "پاڵەوانێکی ئیسرائیل بوو."