ستیڤن هیچن: بەبێ چارەسەریی دوو دەوڵەت هیچ پێشڤەچوونێک لە کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل بەدی نایەت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق جەختدەکاتەوە کە وڵاتەکەی لەگەڵ چارەسەریی دوو دەوڵەتن بۆ فەلەستین و ئیسرائیل و رایدەگەیێنێت، کە ئەوان دۆستی ئیسرائیلن دەیانەوێ لەو رێگەیەوە کاریگەرییان لەسەر پرسی ئاگربەست هەبێت. 
 
ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق شەوی 15-08-2024 مێوانی بەرنامەی بێستوون تۆک-ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و لە وەڵامی لەیث محەممەد، هاووڵاتییەکی میسان لەبارەی هەڵوێستیان لە کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین چییە، رایگەیاند: "دەمەوێ بڵێم ئێمە وەکو بەریتانییەکان هاوسۆزی گەلی فەلەستین و هەموو ئازار و مەینەتییەکانیانین کە لە سەدەی رابردوودا بینیویانە. بە دڵنیاییەوە بەریتانیاش لە سەرەتای ئەم چیرۆکەدا رۆڵی هەبووە، بۆیە جۆرێک لە بەرپرسیارێتیمان دەکەوێتە ئەستۆ و زیاتر لە هەندێ وڵاتی دیکەش گرنگیمان بەم کێشەیە [کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل] داوە."
 
باڵیۆزی بەریتانیا دەڵێت: "رەنگە هەڵەتێگەیشتنێک رووبدات، کاتێک بەراوردەکە دێتە سەر جیاوازیی هەڵوێستی عێراق و هەڵوێستی بەریتانیا لە مەسەلەی فەلەستین و ئیسرائیل و غەززە. ئێمە زۆر لەمێژە لەگەڵ چارەسەری دوو دەوڵەتین. ئەمە هەمیشە بنەمای سیاسەتی بەریتانیا بووەو هەمیشە پێمانوابووە کە جگە لە چارەسەری دوو دەوڵەت هیچ پێشڤەچوونێک بەدی نایەت."
 
لەم کاتەی ئێستادا سێ کاری لەپێشین بۆ حکومەتی بەریتانیا هەن لە سیاسەتیدا لە هەمبەر مەسەلەی فەلەستین. یەکەمیان هەڵگرتنی هەموو قەیدوبەندێکە لەسەر گەیاندنی هاوکاریی دەرەکی بە گەلی فەلەستین، ئەمە خاڵی یەکەم، دووەم شت ئازادکردنی بارمتەکانە بەبێ هیچ مەرجێک و سێیەمیش کە گرنگترینیانە، بریتییە لە راگرتنی دەستبەجێی شەڕ. ئەمەش پێموایە زۆر نزیکە."
 
ستیڤن هیچن باسی پەیوەندییەکانیانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل و کاریگەرییان لەسەر کێشەکانی فەلەستین کرد و گوتی: "بێگومان ئێمە پەیوەندییەکی دۆستانەمان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، ئەمە شتێک نییە بتوانین نکۆڵیی لێبکەین، ئەم پەیوەندییەشمان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی کاریگەرییان لەسەر دابنێین. رەنگە کاریگەرییەکی تەواو نەبووبێ، چونکە ئیسرائیلیش دەوڵەتێکی سەربەخۆیە."
 
بەگوێرەی ئەو باڵیۆزەی بەریتانیا لە عێراق هەر کاتێک وڵاتەکەی پێویست بوبێ ئیدانەی کارێک بکەن، کردوویانە و دەڵێت: پێموایە هەر دوو رۆژ لەمەوبەر بوو کە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی زۆر بە تووندی سەرکۆنەی بۆردوومانی ئیسرائیلی بۆ سەر قوتابخانەکانی غەززە دەکەین. پێشمانوایە مافی خۆیانە بەرگری لە خۆیان بکەن پاش ئەوەی لە حەوتی ئۆکتۆبەر روویدا، بەڵام لە هەمان کاتدا بە ئاشکرا سەرکۆنەی هەر کارێکیان دەکەین کە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی تێدا بێ و لە دیدار و دانیشتنی تایبەتیشدا قسەیان لەگەڵ دەکەین و هەوڵ دەدەین کاریگەری لەسەر شێوازی رەفتاریان دابنێین."
 
"ئێمە بە دڵنیاییەوە نامانەوێ ئەم جەنگە تەشەنە بکات و بگاتە لوبنان، بێگومان ئەگەر تەشەنە بکات بۆ لوبنان و حیزبوڵڵا و حیزبوڵڵا رابکێشرێتە ناو ئەم جەنگەوە، ئەوە رەنگدانەوەی لەسەر عێراقیش دەبێت. پێموایە لە چەند هەفتە یان چەند مانگی داهاتوودا هەموو هەوڵەکانی خۆمان لەسەر رێگری لە تەشەنەکردنی ئەو جەنگە چڕ دەکەینەوە." ستیڤن هیچن لە کۆتایی وەڵامی ئەو هاووڵاتییەدا وای گوت. 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فوئاد حوسێن، فالح فەیاز و رێبەر ئەحمەد

شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتیی وەزیری دەرەوە گەیشتە ئەنقەرە

شاندێکی پایەبەرزی عێراق بە سەرۆکایەتیی وەزیری دەرەوە گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک دۆسیە و، بڕیارە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی تورکیا کۆببنەوە.