سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گەیێندرایە نەخۆشخانە

15-07-2023
نیاز مستەفا
نیشانەکردن بنیامین نەتەنیاهۆ
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرایل، تەندروستیی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە. 
 
بەگوێرەی نووسینگەکەی، نەتەنیاهووی تەمەن 73 ساڵ تووشی سەرگێژخواردن و وشکبوونەوە ببوو، بەڵام ئێستا دۆخی جێگیرە. 
 
نووسینگەی نەتەنیاهوو رۆژی شەممە رایگەیاند "سەرۆکوەزیران کەمێک لەمەوبەر گەیشتە ناوەندی تەندروستیی شیبا،" لە نزیک تەلئەڤیڤ. "ئێستا لە دۆخێکی باشدایە و پشکنینی پزیشکی بۆ دەکرێت،" و لەسەر راسپاردەی پزیشەکەکان، نەتەنیاهوو ئەم شەو لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە. میدیای ئیسرائیلیش باس لەوە دەکات، کۆبوونەوەیەکی گرنگی سبەینێی حکومەت بەو هۆیە هەڵوەشێنراوەتەوە. 
 
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، نەخۆشخانەکە و نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن؛ نەتەنیاهوو رۆژی هەینی، سەردانی دەریای خەلیلی کردبوو کە شوێنێکی گەشتیاریی بەناوبانگە، لەکاتێکدا وڵاتەکە رووبەڕووی شەپۆلێکی گەرمای بەهێزی هاوینە و پلەی گەرما گەیشتووەتە سەرووی 30 پلەی سیلیزی. 
 
راگەیێندراوەکە دەشڵێت "ئەنجامی پشکنینە سەرەتاییەکانی ئاسایین و هیچ شتێکی نائاسایی نەدۆزراوەتەوە. هەڵسەنگاندنی سەرەتایی پێشانیدەدات هۆکارەکە وشکبوونەوە بووە."
 
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە پزیشکەکان بە باشیان زانیوە نەتەنیاهوو بۆ ئەنجامدانی پشکنینی زیاتر، لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە. 
 
لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا، کە چەند کاژێرێک دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە بڵاوکرایەوە، نەتەنیاهوو دەڵێت لەگەڵ هاوژینەکەی چوونەتە کەناری دەریا و لەبەر خۆر، بێ کڵاو و بێ ئاوخواردنەوە کاتیان بەسەربردووە، دەشڵێت ئەو کارەیان "بیرۆکەیەکی باش نەبوو،" بەڵام ئێستا هەست بە باشبوون دەکات. 
 
نەتەنیاهوو لەو ڤیدیۆیەدا دەشڵێت "سوپاس بۆ خوا زۆر باشم،" هەروەها داوا لە ئیسرائیلییەکان دەکات، "کەمتر لەبەر خۆر بمێننەوە و زیاتر ئاو بخۆنەوە".
 
هاوکات یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل لە تویتێکدا هیوای "چاکبوونەوەی تەواو و تەندروستیی باشی" بۆ نەتەنیاهوو خواست. 
 
ئیسرائیل کاتز، وەزیری وزەی ئیسرائیل کە هاوکات ئەندامی پارتی لیکودی نەتەنیاهووە، بە میدیای وڵاتەکەی گوت، نەتەنیاهوو "دەگەڕێتەوە سەر کار،" بێ ئەوەی ئاماژە بە کاتەکەی بکات. 
 
بە گشتی دەگوترێت تەندروستیی نەتەنیاهوو باشە، ئەگەرچی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لە کاتی نزاکردندا لە رۆژی "یۆم کیپوور،" کە جووەکان تێیدا بە رۆژوو دەبن، بۆ ماوەیەکی کورت تەندروستیی تێکچوو. 
 
کانوونی دووەمی ئەمساڵیش، بۆ پشکنینی کۆلۆن، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوازرابووەوە نەخۆشخانە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە