سێکوچکەی لوبنان، سووریا و ئیسرائیل خەریکە دەبێتە گۆڕەپانی شەڕێکی سێلایەنە
رووداو دیجیتاڵ
گوندی غەجەر کەوتووەتە سەر سێگۆشەی سنووری کێشەلەسەری نێوان سووریا، لوبنان و ئیسرائیل. خەریکە دەبێتە خاڵی سەرهەڵدانەوەی گەڕێکی دیکەی شەڕ لە ناوچەکەدا.
لوبنان، ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کردووە کە دەیەوێت بەشی باکووری گوندەکە کۆنتڕۆڵ بکات، ئەمە لەکاتێکدایە ئەوان بە خاکی لوبنانی دادەنێن.
عەلی محەممەد، دانیشتووی گوندەکەیە و دەڵێت، "غەجەر لەساڵی 1967وە بە ئیسرائیلەوە لکێندراوە، ئەمڕۆش باڵەخانە و کۆشکەکان لوبنانین، ئەوەش بە واتای ئەوەیە کە ئێمە وەکو لوبنانی و سوورییەکانی ئێرە لەساڵی 1967وە لەژێر داگیرکاریدا دەژین".
عەلی یاسین دیاب، شوانکارە و باس لەوە دەکات، "ئەم خاکە، خاکی لوبنانە، ئێرە غەجەر نییە، ئێرە لوبنانە و لەساڵی 2006وە مەڕوماڵاتی تێدا دەلەوەڕێنین، ئێمە داوا لە دەوڵەت دەکەین بیگەڕێننەوە سەر خاکەکەمان".
بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ناوچەکە، هێزێکی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە یونیفاڵ چاودێری ناوچەکە دەکەن، ماوەی زیاتر لە مانگێکە حیزبوڵڵای لوبنانی چەند خێوەتێکیان لە ناوچەکە هەڵداوە، ئەمەش ئیسرائیلی تووڕە کردووە و داوای لە هێزەکەی یوئێن کردووە گوشار بخاتە سەر حیزبوڵڵا ئەو خێوەتانە لابەرێت.
لەسەرەتای ئەم هەفتەیەش، سوپا ئیسرائیل بە رۆکێت ئەو ناوچەیەی کردە ئامانج و سێ ئەندامی حیزبوڵڵای لوبنانی بریندار کرد.
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری حیزبوڵڵای لوبنان دەڵێت، "لەبارەی دۆخی مرۆیی گوندی غەجەر، دەبێت هەڵوێستی لوبنانییەکان کاریگەر بێت. ئەوێ خاکی لوبنانە و ماڵەکان لوبنانین و دەبێ بێمەرجیش بگەڕێندرێنەوە بۆ لوبنان، دەبێت ئازاد بکرێت، ئەوە بەرپرسیارێتی دەوڵەت و خەڵکەکە و بەرەی بەرەنگاربوونەوەیە".
ساڵی 1967 ئیسرائیل وەکو بەشێک لە بەرزاییەکانی جۆلانی لە سووریا دەستی بەسەر غەجەریشدا گرت، بەڵام لەساڵی 2000 کاتێک سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکە کشایەوە، گوندەکە کەوتەوە دەست لوبنان، بەڵام لە جەنگە 34 رۆژییەکەی نێوان حیزبوڵڵای لوبنانی و ئیسرائیل لە ساڵی 2006، سوپای ئیسرائیل بەشی باکووری گوندەکەی کۆنتڕۆڵکرد.