دەسەڵاتی فەلەستین: ئیسرائیل بڕی ئاوی بۆ ناوچەی خەلیل کەم کردووەتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گەرمیی شەڕی غەززە هاوینی دانیشتووانی شاری خەلیلی لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین داختر کردووە؛ ئیسرائیلیش ئاوی لە شاری خەلیلی کەرتی رۆژئاوا بڕیوە.
 
تەیسیر ئەبو سنینە، سەرۆکشارەوانیی خەلیل دەڵێت، "لەم هاوینەدا بە شێوەیەکی فەرمی کەمکردنەوەی ئاو بە رێژەی 35% بۆ ناوچەی خەلیل و باشووری کەناری رۆژئاوایان پێ راگەیاندین."
 
دەسەڵاتی فەلەستینی دەڵێت، بەگوێرەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبێت ئیسرائیل رۆژانە 20 ملیۆن لیتر ئاو بۆ 200 هەزار دانیشتووانی خەلیل دابین بکات؛ بەڵام ئێستا 8 ملیۆن لیتر دەنێرێت.
 
زیاتر لە 175 ئۆردووگا لە کەناری رۆژئاوا هەن؛ نزیکەی 517 هەزار جوویان تێدا نیشتەجێ کراون؛ ئیسرائیل رۆژانە 100 ملیۆن لیتر ئاویان بۆ دابین دەکات.
 
ئەحمەد دانیشتووی خەلیلە و دەڵێت، "ئاو کە لە رێگەی جووەکانەوە بەدەستمان دەگات، لە 10%ی پشکمانە، لە 90%ی بۆ یەکە نیشتەجێبووەکان دەبرێت، ئەوەشی بۆ ئێمە دێت بە تانکەری ئاوە و بە هەزار نەهامەتی دەگاتە دەستمان."
 
ئیسرائیل کە لە 1967وە کەناری رۆژئاوای کۆنترۆڵ کردووە؛ نان، کارەبا، کار و پارە و گوزەرانی فەلەستینییەکانیشی بەدەستەوەیە.