ئیسرائیل فەرماندەیەکی حیزبوڵڵای کوشت

 
رووداو دیجیتاڵ

میدیای لوبنان رایدەگەیێنێت، سوپای ئیسرائیل بە هێرشێکی ئاسمانی ئۆتۆمبێلێکی لە باشووری ئەو وڵاتە کردووەتە ئامانج. سەرچاوەیەکی نزیک لە حیزبوڵڵا ئاشکرای دەکات، فەرماندەیەکیان لە هێرشەکەدا کوژراوە.
 
رۆژی چوارشەممە 15ی ئایاری 2024 ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی نیشتمانیی لوبنان رایگەیاند، "درۆنی دووژمنەکانمان کە ئۆتۆمبێلێکیان لە شەقامی سەرەکیی تایر ئەلحوش کردووەتە ئامانج، بووەتە هۆی شەهیدبوونی دوو کەس."
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە گرووپی حیزبوڵڵا رایگەیاندووە، یەکێک لەو کەسانەی کە لە هێرشەکەدا کوژراوە فەرماندەیەکی حیزبوڵڵایە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە گرووپی حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە چەکدارەکانیان بەناوی (حوسێن مەکی) "لەرێگەی چوون بۆ قودس/ئۆرشەلیم شەهید بووە،" ئەوەش وەکو ئاماژەیەک کە لە شەڕی دژی ئیسرائیلدا کوژراوە.
 
هەفتەی رابردوو، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوو سەربازیان لە باکووری ئیسرائیل کوژراون. هەمان رۆژیش حیزبوڵڵا بەرپرسیارێتیی خۆی لە کوشتنیان راگەیاند.
 
لە چەند هەفتەی رابردوودا حیزبوڵڵا هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر چڕ کردووەتەوە و ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا مەودایەکی فراوانتر لە خاکی لوبنان تۆپباران دەکات.
 
لە حەوت مانگی جەنگی غەززەدا، لانیکەم 413 کەس کە79ـیان سیڤیل بوون لە لوبنان بە بۆردوومانی سوپای ئیسرائیل کوژراون. سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، "هێرشەکانی حیزبوڵڵا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور بووەتە هۆی کوژرانی 14 سەرباز و 10 هاووڵاتیی سیڤیل،" ئەوەش جگە لەوەی هەزاران کەس تاوەکو ئێستا لە هەردوولا ئاوارە بوون.
 
جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد. تەندروستیی غەززە دەڵێت، زیاتر لە 35 هەزار کەس لە غەززە کوژراون و ئیسرائیلیش دەڵێت، هەزار و 170 کەسیان کوژراون.