بەهۆی مووشەکبارانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە 60 ماڵ تەختی زەوی بوون؛ 400 کەس بێ ماڵ ماونەتەوە

15-05-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
چەند هاووڵاتییەکی فەلەستینی لەبەردەم داروپەردووی ماڵە رووخاوەکەیان
چەند هاووڵاتییەکی فەلەستینی لەبەردەم داروپەردووی ماڵە رووخاوەکەیان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە شەڕی پێنج رۆژەی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی و ئیسرائیل کە لە هەفتەی رابردووەوە دەستیپێکرد و رۆژی شەممە 13ی ئایار، بە نێوەندگیریی میسر کۆتاییهات؛ لەلایەن ئیسرائیلەوە 60 ماڵ لە کەرتی غەززە تەختی زەوی بوون و 400 کەس بێ ماڵ ماونەتەوە. 
 
منداڵە نڤیشکانەکانی نەجاح نەبحانی هاووڵاتی فەلەستینی لە کەرتی غەززە، لە دوا خولەکەکان خۆیان لە هێرشی ئاسمانی ئیسرائیلی رزگارکردووە و خانووە سێ نهۆمییەکەشیان تەختی زەوی بووە. 
 
نەجاح نەبحان چوار منداڵی نڤیشکانی هەیە، هەموویان بێ دارشەق و پێداویستی ماونەتەوە. بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل، 42 کەس لە کەسوکاری نەجاح بێ ماڵ و حاڵ بوون. 
 
جەلال نڤیشکانە و زاوای نەجاحە، ئەو دەڵێت، گرووپە ئیسلامییەکان مووشەک دەهاوێژن لە بەرامبەردا ئیسرائیل ماڵی خەڵكی سڤیل دەکاتە ئامانج. 
 
جەلال نەبهان، هاووڵاتییەکی فەلەستینییە و دەڵێت: "کێ دەتوانێت مووشەک بهاوێژێت؟ منێک کە ناتوانم رێبکەم؟ ئایا کەسانی وەکو من دەتوانن مووشەک بهاوێژن؟ براکانم ناتوانن مووشەک بهاوێژن. هیچ کام لە ئێمە ناتوانین مووشەک بە ئیسرائیلەوە بنێین."
 
بەگوێرەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئیسرائیل 60 ماڵی لە کەرتی غەززە تەختی زەوی کردوون و 400 کەس بێ ماڵ ماونەتەوە. 
 
مەنال نەبحان، هاووڵاتی فەلەستینی و هاوژینی جەلالە و دەڵێت: "داوایان لێکردین چۆڵی بکەین، ئێمەش چۆڵمان کرد. ئێمە هیچ کەسمان لەنێو حەماس و بزووتنەوەی جیهادی نییە. سێ لە ئامۆزاکانم نڤیشکانن لەگەڵ هاوژینەکەشم. هەموویانمان هەڵگرت و چووینە دەرەوە. لەکاتی راکردندا کچەکەم کەوتە خوارەوە و زمانی بە پێنج تەقەڵ دوورایەوە." 
 
شەڕی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی و ئیسرائیل 5 رۆژی خایاند تا لە کاژێر 10:00ی رۆژی 13ی ئایار بەنێوەنگیریی میسر ئاگربەست راگەیێندرا.بەگوێرەی ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە، 33 کەس لە غەززە کوژراون و دوو کەسیش لە ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهوو دەڵێت: زۆربەی ئەوانەی لە غەززە کوژراون فەرماندەی باڵای بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامین. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە