رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە هێرشێکی ئاسمانییدا بۆ سەر باشووری لوبنان، فەرماندەیەکی حیزبوڵلای کوشتووە.
رۆژی سێشەممە، 15ـی نیسانی 2025، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ لە ناوچەی عیترون فەرماندەیەکی دەستەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی حیزبوڵڵای کردە ئامانج".
میدیای لوبنان دەڵێت، ئەو کەسە ناوی "عەلی نەجیب بەیدوون"ـە.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هێرشە درۆنییەکەی ئیسرائیلی دوژمن بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە شارۆچکەی عیترون، کوژرانی کەسێکی لێکەوتەوە و سێ کەسیش بریندار بوون کە یەکێکیان منداڵە."
شارۆچکەی عیترون دەکەوێتە باشووری لوبنان و تەنیا چەند کیلۆمەترێك لە کۆمەڵگەی جوونشینی ئەڤیڤیم لە باکووری ئیسرائیل دوورە.
هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل لەکاتێکدایە، نووسینگەی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل ژیانی هاووڵاتییانی سڤیلی لە لوبنان خستووەتە مەترسییەوە.
نووسینگەی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان بەردەوامن لەکوشتن و بریندارکردنی خەڵکی سڤیل و وێرانکردنی ژێرخانی سڤیل".
بەگوێرەی راپۆرتێکی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو کاتەوەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 27ـی تشرینی دووەمی پار چووەتە بواری جێبەجێکردن، لانیکەم 71 کەسی سڤیل لە لوبنان کوژراون.
هەر لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هێشتا 92 هەزار لوبنانی ئاوارەن.
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لەو کاتەوەی ئاگربەست دەستیپێکردووە زیاتر لە 120 ئەندامی حیزبوڵڵایان کوشتووە.
رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لەنێوەڕاستی شوباتی ئەم ساڵ کۆتایی هات، بەڵام تاوەکو ئێستا هەردوولا دەستییان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورە دژی یەکدی نەکردووە.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، دەبوایە سوپای ئیسرائیل هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هێزەکانی لە پێنج خاڵی ستراتیژیی نێو لوبنان ماون.
هەفتەی رابردوو سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، فەرماندەیەکی حیزبوڵڵای بەناوی عەدنان مەنسوور لە باشووری لوبنان کوشتووە کە بەرپرس بووە لە هێرشە درۆنییەکانی سەر باکووری ئیسرائیل.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشێکی ئاسمانی کردووەتە سەر شارۆچکەی زیبقین لە باشووری لوبنان و چەند چەکدارێکی حیزبوڵڵای بەئامانج گرتووە کە ویستوویانە "ژێرخانی تیرۆر" دروست بکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ