ئەمریکا بە ئیسرائیلی گوتووە بەشداریی هیچ تۆڵەکردنەوەیەک لە ئێران ناکات

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆشکی سپی هۆشداریی داوەتە ئیسرائیل لەوەی بەشداریی هیچ هێرشێکی تۆڵەکردنەوە لە ئێران ناکات. لە کاتێکدا کابینەی جەنگیی ئیسرائیل لەسەر ئەو پرسە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە.
 
شەوی شەممە ئێران زیاتر لە 300 مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، کە زۆربەی زۆریان لەلایەن سیستمی دژە مووشەکیی ئیسرائیل و ئەمریکاوە خرانەخوارەوە پێش ئەوەی ئامانجەکەیان بپێکن.
 
بەرپرسانی کۆشکی سپی ئەوەشیان گوتووە، بایدن هانی ئیسرائیلی داوە "بە وریاییەوە" بیر لە وەڵامدانەوەی ئێران بکەنەوە.
 
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکردووە، لەسەر ئەو پرسە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کردووە و دەڵێت، جۆ بایدن بە بنیامین نەتەنیاهووی گوتووە، "بە وریایی و ستراتیژییانە بیر بکەرەوە" لەوەی کە چۆن هێزەکانی ئیسرائیل وەڵامی ئەو هێرشە بێ پێشینەیەی ئێران دەدەنەوە.
 
هێرشەکە یەکەم هێرشی راستەوخۆی ئێران بوو بۆسەر خاکی ئیسرائیل.
 
ئیدارەی بایدن، وەکو ئەو بەرپرسە باسی دەکات، پێیان وایە ئیسرائیل بە باشترین شێوە لەو هێرشە رزگاری بووە.
 
هێرشەکە دوای ئەوە بوو، لە سەرەتای ئەم مانگە بەهۆی هێرشێکەوە بۆ سەر کۆنسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، حەوت ئەندامی سوپای پاسداران کوژران، کە بەشێکیان فەرماندەی دیار بوون.
 
خستنەخوارەوەی 99%ی مووشەک و درۆنەکانی ئێران، وەکو ئیسرائیل رایگەیاندووە، باڵایی هێزی سەربازیی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی بەسەر ئێراندا نیشان دەدات.
 
لەنێو ئەو مووشەک و درۆنانە، 80 درۆن و شەش مووشەکی بالیستی لەلایەن هێزە سەربازی و دەریاییەکانی ئەمریکاوە لەسەر ئاسمانی هەرێمی کوردستان خرانەخوارەوە.
 
لەو کاتەی مووشەک و درۆنەکان هەڕەشەیان لە ئیسرائیل دەکرد، بایدن و نەتەنیاهوو بە تەلەفۆن قسەیان لەبارەی ئەوە دەکرد "چۆن گرژییەکان خاو بکەنەوە و بیر لە دۆخەکە بکەنەوە." بایدن بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئیسرائیل بە "باشترین شێوە لێی رزگاری بووە."
 
ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی رەتیدەکاتەوە کە دژی وەڵامێکی کاریگەری ئیسرائیل بن و دەڵێت، "ئەوە کارێکە دەبێت ئیسرائیلییەکان خۆیان بیکەن."
 
هاوکات جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دوای هێرشەکان چەندین جار جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی زۆر بە روونی بە ئیسرائیلی گوتووە رێگە لە فراوانبوونی جەنگ بگرێت.
 
بەرپرسەکەی کۆشکی سپی جەختی لەوەش کردەوە، هەمان پەیام لە رێگەی چانێڵە دیپلۆماسییەکانەوە بە ئێران گەیێندراوە.