رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی هێرشی سەربازییان کردە سەر حووسییەکانی یەمەن. گرووپە چەکدارەکە دەڵێت، 9 کەسی سڤیل لە هێرشەکاندا کوژراون. ترەمپ هەروەها هۆشداری بە ئێران دەدات کە پشتیوانییەکانی بۆ حووسییەکان رابگرێت.
ترەمپ حووسییەکان تۆمەتباردەکات بەوەی هەڕەشە لە هاتووچۆی کەشتییەکانی دەریای سوور دەکەن.
سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەڵێت: "ئەمڕۆ فەرمانم بە سوپای ئەمریکا کرد، هەنگاوی یەکلاکەرەوە و بەهێزی سەربازی لە دژی تیرۆرستانی حووسی لە یەمەن بنێن. ئەوان دەستیان بە هەڵمەتێکی بەردەوامی چەتەگەری، تووندوتیژی و تیرۆر لە دژی کەشتی، فڕۆکە و درۆنەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە کردووە."
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریش دەدات: "هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییەکانی ئەمریکا قبوول ناکرێن. تا ئەو کاتەی ئامانجەکانمان بەدەستدێنین، هێزی کوشندەی کەمەرشکێن بەکاردێنین."
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی حووسیەکان رایگەیاند: "9 کەسی سڤیل کوژران و 9ـی دیکەش برینداربوون کە زۆربەیان برینیان سەختە."
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، حووسییەکان دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دەریای سوور، کەنداوی عومان و ناوچەکە، ئەوەش بە گوتەی خۆیان، وەک سەرخستنێک و پشتیوانییەک بۆ خەڵکی فەلەستین.
ترەمپ بە پیتی گەورە بۆ حووسییەکانی نووسیوە: "کاتتان تەواو بوو. پێویستە هێرشەکانتان بوەستێن، لە ئەمڕۆوە. ئەگەر وانەکەن، دۆزەختان بەسەردا دەبارێت کە هەرگیز پێشتر شتی لەو شێوەیەتان نەبینیوە."
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریش بە ئێران دەدات و دەڵێت: "پێویستە دەستبەجێ پشتیوانیکردنی حووسییە تیرۆرستەکان بوەستێت. هەڕەشە لە خەڵکی ئەمریکا و سەرۆککەیان نەکەن کە لە مێژووی سەرۆکایەتیدا گەورەترین ئەرکی وەرگرتووە."
سەرۆکی ئەمریکا لە هەڕەشەکەیدا بۆ ئێران دەشڵێت، ئەگەر پشتیوانی لە حووسییەکان بکەن، "ئاگادار بن، چونکە ئەمریکا رووبەڕووی بەرپرسیارێتیتان دەکاتەوە و لەوەدا نەرمونیان نابین!"
ئێوارەی رۆژی شەممە، حووسییەکان رایانگەیاند، ژمارەیەک شوێنی ژێر کۆنترۆڵیان بۆردوومانکراون. ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، پێشانیدەدەن دووکەڵی رەش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا بەرزدەبێتەوە کە بنکەیەکی سەربازیشی لێیە.
هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر حووسییەکان چەند رۆژێک دوای ئەوە دێن کە گرووپە چەکدارەکە رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتەوە سەر غەززە، ئەوا دەست بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئیسرائیل دەکەنەوە. بەڵام لەو کاتەوە هیچ هێرشێکیان نەکردووە.
هەر ئەم مانگە، پێچەوانەی رێککەوتنی ئاگربەست و یاسای نێودەوڵەتی، ئیسرائیل گەمارۆی تەواوی خستەوە سەر کەرتی غەززە و رۆیشتنی هەموو یارمەتی و کەلوپەلێکی بۆ ناوچە فەلەستینییەکە وەستاند. هەروەها هەڕەشەی کرد، رێکاری زیاتر بگرێتەبەر ئەگەر حەماس بە درێژکردنەوەی قۆناخی یەکەمی ئاگربەست رازینەبێت، لە کاتێکدا گفتوگۆ لەسەر دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی ئاگربەست بەردەوامن.
لە هێرشەکانی رابردوودا، حووسییەکان زیاتر لە 100 کەشتییان بە مووشەک و درۆن بە ئامانج گرتوون، دوو کەشتییان نوقمکردووە و چوار دەریاوانیان کوشتووە.
پێشتر ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسرائیل چەند جارێک هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر حووسییەکان.
لە بارەی هێرشەکەی ئەمجارە، میدیای حووسییەکان دەڵێت، هێرشەکان بەر "ناوچەیەکی سڤیلنشین"ـی شارەدێی شوعەیب لە باکووری سەنعا کەوتوون.
دانیشتووانی سەنعا رایانگەیاند، لانیکەم چوار هێرشی ئاسمانی کرانە سەر رۆژهەڵاتی شارەدێی شوعەیب کە بووە هۆی ترسانی ژن و منداڵان.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی ئەسۆسیەیتد پرێسی راگەیاندووە، تەنیا فڕۆکەی ئەمریکا لە هێرشە ئاسمانییەکاندا بەشدار بووە.
ترەمپ لەم خولەی سەرۆکایەتیدا یەکەمجارە هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ