نەتەنیاهوو پلانی ئۆپەراسیۆنی سەر شاری رەفەحی پەسند کرد
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، بنیامین نەتەنیاهوو پلانی سوپای بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی رەفەح پەسند کرد. ئەمریکاش دەڵێت، ئاگاداری هیچ پلانێک نین.
رۆژی هەینی 15ی ئاداری 2024، ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، بنیامین نەتەنیاهوو پلانی ئۆپەراسیۆنی سەر شاری رەفەحی لە کەرتی غەززە پەسند کرد، بەڵام کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە ئاماژەی پێ نەکراوە.
ئۆفیسی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەو راگەیێندراوەدا ئاماژەی بەوەش کردووە، سوپا "ئامادەیە بۆ ئۆپەراسیۆن و چۆڵکردنی" رەفەح.
لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەوە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن هیچ پلانێکی ئیسرائیلی بۆ ئۆپەراسیۆنی رەفەح نەبینیووە. گوتیشی، دەیانەوێت پلانێکی "روون و گونجاو" ببینن بۆ ئەوەی دڵنیابن کە هاووڵاتییانی سڤیل زیانیان بەرناکەوێت.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی رەفەح لە ئێکس بڵاویکردەوە، "زیاتر لە ملیۆنێک کەس ئاوارەی ئەوێ بوون و هیچ شوێنێکیان نییە بۆی بچن." هەروەها دەشڵێت، "پێویستیمان بە ئاگربەستێکی دەستبەجێ هەیە بۆئەوەی گیانلەدەستدان کۆتایی بێت و بارمتەکانیش ئازاد بکرێن." ئاماژەی بەوەش کردووە، ناتوانرێت پاساو بۆ ئۆپەراسیۆنی رەفەح بهێندرێتەوە.
لای خۆیەوە ئۆفیسی سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین بڵاویکردەوە، ئۆپەراسیۆنی سەر رەفەح دەبێتە هۆی "کۆمەڵکوژییەکی" دیکە و ئاوارەبوونی زیاتری دانیشتووانی کەرتی غەززە.
شاری رەفەح کەوتووەتە باشووری کەرتی غەززە و هاوسنوورە لەگەڵ میسر. پێش دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل و حەماس ژمارەی دانیشتووانی شارەکە 250 هەزار کەس بوو، بەڵام ئێستا ژمارەکە بووەتە سەرووی یەک ملیۆن کەس؛ ئەوە بەهۆی چوونی ئاوارەکانەوە.
جەنگی ئیسرائیل و حەماس زیاتر لە پێنج مانگە بەردەوامە و جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد کە رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی رابردوو، کەتیبەی قەسامی باڵی چەکداریی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل. ئیسرائیلیش دەستی بە وەڵامدانەوە کرد. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.