سوپای ئیسرائیل: فەرماندەیەکمان بە چەقۆ کوژرا

 
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە یەکێک لە چێشتخانەکانی نزیک قودس (ئۆرشەلیم) سەربازێکیان درایە بەر چەقۆ و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا؛ هێرشکارەکەش کوژراوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 14ی ئاداری 2024 سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە کۆمەڵگەی بەیت کاما هێرش کرایە سەر یوری مۆیال، فەرماندەی بەتالیۆنێکی سوپای ئیسرائیل و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
 
بەیت کاما یەکێکە لە کۆمەڵگە جوونشینەکان و کەوتووەتە 55 کیلۆمەتری باشووری رۆژئاوای قودس (ئۆرشەلیم).
 
یاکۆڤ شاباتی، کۆمیسیاری پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشکارەکە کوڕێکی تەمەن 23 ساڵان بووە، کە تاوەکو تەمەنی 18 ساڵی لە غەززە ژیاوە؛ دواتر چووەتە ئیسرائیل و لەوێ هاوسەرگیریی کردووە.
 
پۆلیسی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "تیرۆریستەکە" چووەتە نێو چێشتخانەکە و چەند چەقۆیەکی لە فەرماندەکەی بەتالیۆن داوە. دواتر، هێرشکارەکە دووبارە ویستوویەتی چەند چەقۆیەکی دیکەی لێبدات، بەڵام سەربازەکە تەقەی لێکردووە و کوشتوویەتی. سەربازەکەش بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
 
ئەو هێرشە لە کاتێکدایە، پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە لە یەکێک لە خاڵەکانی پشکنینی باشووری قودس (ئۆرشەلیم)، مێرمنداڵێکی فەڵەستینی هێرشی کردووەتە سەر دوو کارمەندی ئاسایشی ئیسرائیل و برینداری کردوون. دواتر کوژرانی مێرمنداڵەکە راگەیێندرا.
 
ئەو هێرشانە بۆسەر کارمەندانی ئاسایش و سوپای ئیسرائیل لە کاتێکدان، زیاتر لە پێنج مانگە جەنگی ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ وەستاندنی جەنگەکە سەرکەوتوو نەبوون.