رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، راگەیێندراوێکی لە بارەی کۆبوونەوەی هاوبەشی لووتکەی کۆبوونەوەی ئەمنیی لەنێوان عێراق-تورکیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەنقەرە خۆشحاڵە بەوەی عێراق، پەکەکە وەک رێکخراوی قەدەخەکراو دەناسێنێت."
هەروەها راوێژیان کردووە سەبارەت بەو رێوشوێنانەی پێویستن بگیرێنەبەر بەرامبەر پەکەکە و درێژکراوەکانی لە بە بەکارهێنانی خاکی عێراق دژ بە تورکیا.
رۆژی 14ـی ئاداری 2024، شاندێکی ئەمنی و سیاسیی باڵای تورکیا بە سەرۆکایەتیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە؛ یاشار گولەر، وەزیری بەرگری؛ ئیبراهیم کاڵن سەرۆکی میت و یاریدەدەری وەزیری ناوخۆ، سەردانی بەغدایان کرد بۆ ئەنجامدانی گەڕی دووەمی کۆبوونەوەی لووتکەی ئەمنیی نێوان عێراق-تورکیا.
شاندەکەی تورکیا لەگەڵ فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران وەزیری دەرەوەی عێراق، وەزیری بەرگری، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، بریکاری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە لە بەغدا کۆبوونەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 15ـی ئاداری 2024، راگەیێندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەی ئەمنی لەنێوان عێراق - تورکیا بڵاوکرایەوە، تێیدا لایەنەکان دڵنیاییان دا هەموو هەوڵەکان بخەنەگەڕ بۆ سەرخستنی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بۆ عێراق، کە بڕیارە لە مانگی نیسانی ئەم ساڵ، بکرێت.
لە راگەیێندراوی هاوبەشدا هاتووە؛ لەم دیدارانەدا کە درێژەپێدەری گەڕی یەکەمی کۆبوونەوەکانی 19ـی کانوونی یەکەمی 2023ی ئەنقەرەیە، هەڵوێستی هاوبەش لە بەرامبەر پێشهاتە هەرێمییەکان و ئاستەنگە جۆراوجۆرەکانی بوارە دووقۆڵییەکان تاوتوێ کران.
هەروەها بڕیاردراوە کارەکان چڕ بکرێنەوە لەپێناو داڕشتنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ بونیاتنانی چوارچێوەیەکی ستراتیژی بۆ پەیوەندییەکی بەردەوام و فراوانکردنی هاوئاهەنگییەکان لەسەرجەم بوارە جیاوازەکاندا. بۆیە بڕیاردرا بە دامەزراندنی لیژنەی هەمیشەیی هاوبەش بۆ کارکردن لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی تیرۆر، پەرەدان بە بوارەکانی بازرگانی، کشتوکاڵ، وزە، ئاو، تەندروستی و گواستنەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "جەخت لە گرنگیدانی هەردوولا بە یەکێتیی سیاسیی و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق کرایەوە و تیشک خرایە سەر ئەوەی پەکەکە مەترسیی ئەمنیی بۆ تورکیا و عێراق دروستکردووە و بوونی ئەم رێکخراوە لە خاکی عێراقدا بە واتای پێشێلکردنی دەستووری عێراقە."
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت: "تورکیا بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو بڕیارە دەکات کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق دەریکردووە لەبارەی ئەوەی پەکەکە رێکخراوێکی قەدەخەکراوە لە عێراقدا". هەوروەها جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە، لایەنەکان راوێژیان کردووە لە بارەی ئەو رێوشوێنانەی پێویستن بگیرێنەبەر بەرامبەر پەکەکە و درێژکراوەکانی بۆ بەرگرتن لە بەکارنەهێنانی خاکی عێراق لە دژی تورکیا.
لە راگەیێندراوەی هاوبەشی گەڕی یەکەمی کۆبوونەوەی ئەمنیی عێراق - تورکیا کە رۆژی 19ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، عێراق پەکەکەی بە "مەترسی هاوبەش" لە قەڵەمدا. ئەمجارە بۆ یەکەمجار وەک "رێکخراوی قەدەخەکراو" ناساندی.
هەروەها ئەمە یەکەمجارە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ رای گشتیی رابگەیێندرێت، بۆ یەکەمجاریش باس لە بەرەنگاربوونەوەی هاوبەش کرا و جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە، کە پەکەکە بە بەکارهێنانی خاکی عێراق، تورکیا دەکاتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ