یەکەمین بازاڕی کارکردنی ژنان لە ناوچەیەکی ئەفغانستان دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری کاربەدەستانی بزووتنەوەی تاڵیبان، کە لە ئابی 2021 گەڕانەوە سەر دەسەڵات، لە هەرێمی خوست لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان بازاڕێک کراوەتەوە و تەنیا ژنان بۆیان هەیە کاری تێدا بکەن.
مەریەم، خاوەن دووکانە، دڵێت، "ئەم بازاڕەم بۆ مەبەستی بازرگانی و پاڵپشتیکردنی ژنان کردەوە. مامۆستا بووم و دوای ئەوەی کارەکەم لەدەستدا، ئەم بازاڕەم کردەوە."
چوار ژن لەو بازاڕەدا کاردەکەن کە رۆژانە 26 بۆ 40 دۆلاری ئەمریکی پەیدا دەکەن.
بازاڕەکە جگە لە جلوبەرگی ژنان، چەند پێداویستییەکی دیکەشی لێیە؛ لەوانەش بەرگدوور، پێڵاوی ژنان و جلوبەرگی منداڵان.
کردنەوەی بازاڕەکەش بە مەرج و رێنوێنییەکانی تاڵیبان بووە؛ گرنگترین مەرجەکانیش بریتی بوون لەوەی تەنیا ژنان بۆیان هەیە سەردانی بازاڕەکە بکەن و کارمەندانی بازاڕەکەش دەبێ داپۆشراو بن.
نێرگز، خاوەنی دووکانە و دەڵێت، "کارکردن لەم بازاڕەدا باشە و ئێمەش دڵخۆشین. ئەمە بۆ ژنان دروستکراوە و هەموو سەردانیکارانیش ژنن. هیچ پیاوێک لێرە نییە و تەنیا ژن دەتوانێت سەردانمان بکات."
بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی کار، لەدوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە هەر چوار ژنێک یەکێکیان کارەکەی لەدەستداوە یان ناچاربووە واز لە کارەکەی بهێنێت.
هەروەها بەگوێرەی پەیمانگەی ئاشتیی ئەمریکا، تاڵیبان لانیکەم 66 بڕیاری دژی کارکردن، خوێندن، سەردان، وەرزش و کاروبارەکانی ژنان دەرکردووە.