سەرۆکی ئیسرائیل: ئاگربەست هەنگاوێکی باشە بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان

ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل.
رووداو دیجیتاڵ

لە یەکەم کاردانەوەی ئیسرائیل بەرامبەر بە رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەو رێککەوتنە هەنگاوێکی ئەرێنییە، تاوەکو سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکرێن و بیانگەڕێننەوە بۆ ئیسرائیل.
 
رۆژی چوارشەممە 15ـی کانوونی دووەمی 2025، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا، لەبارەی رێککەوتنی ئاگربەستی جەنگی 15 مانگەی غەززە، رایگەیاند ئەمە هەنگاوێکی گرنگ و باش بوو لە هەمان کاتیشدا پێویست بوو.
 
سەرۆکی ئیسرائیل راشیگەیاند: "هیچ بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر، مرۆیی، جوویی، ئیسرائیلی نییە، لەوەی کوڕ و کچەکانمان بگەڕێنینەوە، جا بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان یان بەخاکبسپێدرێن." 
 
بڕیارە سبەی پێنجشەممە، کابینەی حکومەتی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی بنیامین نتنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کۆببنەوە، بەمەبەستی واژۆکردنی رێککەوتنەکە و سەرۆکی ئیسرائیلیش داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کرد، ئەو رێککەوتنە پەسند بکەن و گوتیشی: "لەناخی دڵمەوە بڕوام بەوەیە ئەم هەنگاوە بەهێزتر و باشتر و یەکگرتوومان دەکات." 
 
بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەستی جەنگی غەززە، رۆژی یەکشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاگربەست دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. لەوبارەیەوە سەرۆکی ئیسرائیل گوتی: "ئێمە بەرپرسیارین لەوەی هەندێک هەنگاو بنێین بۆ یەکگرتنەوەی خەڵکەکەکان."
 
سەرۆکی ئیسرائیل لەدرێژەی قسەکانیدا باسی لە دۆخی کەسوکاری بارمتەکان کرد و رایگەیاند: "بیرم لای ئێوەیە و بەتایبەتی ئەوانەشی کە ترسیان هەیە لەوەی ئازیزانیان لە قۆناخی یەکەمدا ناگەڕێنەوە بەگوێرەی رێککەوتنەکە." 
 
سەرۆکی ئیسرائیل ستایشی هەوڵەکانی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی و هەروەها تیمی دانوستاندنکاری ئیسرائیل، ئەمریکا، قەتەر، میسر، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی هەڵبژارێردراوی ئەمریکای کرد، کە هەوڵیان دا ئەو رێککەوتنە بهێننە ئاراوە.