حووسییەکانی یەمەن بەرپرسیارێتیی هێرشکردنە سەر کەشتییەکی ئەمریکی لەئەستۆ دەگرن

 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر کەشتییەکی ئەمریکا لە کەنداوی عەدەن لە ئەستۆ گرت و دەڵێت بەردەوام دەبن لە کردنە ئامانجی ئەو کەشتیانەی کە پێیانوایە بۆ ئیسرائیل دەڕۆن.
 
عەمید یەحیا سەریع، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر کەشتییەکەی ئەمریکا رایگەیاند: "بۆ پشتیوانیکردنی ستەملێکراویی گەلی فەلەستینی لە کەرتی غەززە کە تاوەکو ئەم ساتە لەلایەن قەوارەی زایۆنییەوە رووبەڕووی خراپترین کوشتن و بڕین دەبێتەوە و لەچوارچێوەی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر وڵاتەکەمان، هێزی دەریایی  هێزە چەکدارەکانی یەمەن بە پشتیوانی خوا بە ژمارەیەک مووشەکی دەریایی گونجاو کەشتییەکی ئەمریکی لە کەنداوی عەدەن کردە ئامانج."
 
گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی حووسییەکان هۆشداری دەداتە هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا دەڵێت: "هێزە چەکدارەکانی یەمەن سەرجەم کەشتییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا کە بەشدارن لە هێرشکردنە سەر وڵاتەکەمان بە ئامانجی دوژمن دەزانن و دەکەونە بەر هێرشی هێزەکانمان،هێزە چەکدارەکانی یەمەن جەخت لەوە دەکاتەوە وەڵامدانەوەی   دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا نزیکە و هەر دەبێت ببێت، هەر دەستدرێژییەکی نوێ بەبێ وەڵامدانەوە و سزا تێناپەڕێت."
 
گوتەبێژەکەی حووسییەکانی یەمەن ئاماژە بە بەردەوامبوونی هێرشەکانیان دەکات و دەڵێت: "هێزە چەکدارەکانی یەمەن بەردەوامە لە جێبەجێکردنی کردە سەربازییەکانی  لە سەپاندنی بڕیاری قەدەخەکردنی هاتووچۆی کەشتییەکانی ئیسرائیل لە هەردوو دەریای عەرەبی و سوور، تا ئەو کاتەی  هێرشەکان  لەسەر گەلی فەلەستین لە کەرتی غەززە رادەگیرێن و گەمارۆی لەسەر هەڵدەگیرێت، هێزە چەکدارەکانی یەمەن جەخت لە بەردەوامیی بازرگانیی لە هەردوو دەریای عەرەبی و سوور بۆ هەموو شوێنەکانی دیکە دەکاتەوە، تەنیا ئەوانە نەبێت کە بەرەو بەندەرەکانی فەلەستینی داگیرکراو دەڕۆن، هەروەها هەموو رێکارەکانی بەرگری و هێرشبەری دەگرێتەبەر لەچوارچێوەی مافی بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی دوژمنکاریی ئەمریکا  و بەریتانیا."
 
ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا – سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەمڕۆ کاژێر 4:00 بە کاتی سەنعا (هەمان کاتی هەولێر) حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی دەکرێن بە مووشەکی بالیستیی دژە کەشتی، هێرشیانکردە سەر کەشتییەک لە دەریای سوور."
 
رۆژی 12-1-2024، سوپاکانی ئەمریکا و بەریتانیا بەهاوبەشیی چەند وڵاتێکی دیکە چەند هێرشێکیان کردە سەر چەند بنکەیەکی حووسییەکان لە سنووری چوار شاری یەمەن. ئەمەش دوای ئەوە هات کە ئەمریکا و بەریتانیا هۆشدارییان دابووە گرووپە یەمەنییەکە هێرشەکانی لە دەریای سوور بووەستێنێت.
 
 هەمان رۆژ گوتەبێژی حووسییەکانیش گوتی ئەمریکا و بەریتانیا 73 هێرشیان کردە سەر یەمەن و بە قسەی ئەو گوتەبێژە: "پێنج کەس لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکان شەهید بوون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون."