تورکیا یاریزانێکی ئیسرائیل لە وڵاتەکەی دەردەکات

15-01-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریزانێکی ئیسرائیل کە یاری بۆ یانەی ئەنتاڵیا سپۆر دەکرد، لە یارییەکی شەوی رابردوودا بەهۆی رەفتارێکییەوە دەستگیرکرا و بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی درا، ئەمڕۆش بە فڕۆکەیەکی تایبەت دەگەڕێندرێتەوە ئیسرائیل. 
 
شەوی رابردوو، 14ـی کانوونی دووەمی 2024، یاریزانی تۆپی پێی ئیسرائیلی ساگیڤ جێهیزکیل، کە یاری بۆ یانەی ئەنتاڵیاسپۆر دەکات، لە چوارچێوەی یارییەکانی 20ـەمین هەفتەی خولی سوپەری جامی پاڵەوانەکانی تورکیا کە بە "ترێندیۆڵ" ناسراوە، لە یاری نێوان ئەنتاڵیاسپۆر بەرامبەر ترابزۆن سپۆر گۆڵێکی کرد. 
 
ئەم یاریزانە ئیسرائیلییە لە کاتی خۆشی دەربڕیندا چووە بەردەم کامێراکانی یاریگاکە و لە باندجی دەستیدا نووسیبووی (100 رۆژ – 7-10) وەک ئاماژەیەک بۆ 100 رۆژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.
 
رەفتارەکەی ئەم یاریزانە ئیسرائیلییە، کاردانەوەیەکی زۆری لەناو یاریگا و دواتر لە سۆشیاڵ میدیا و راگەیاندنەکانی تورکیا لێکەوتەوە، بۆیە لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی کۆماری، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو. راستەوخۆ دوای فیکەی کۆتایی یارییەکە دەستگیرکرا و دوای وەرگرتنی گوتەکانیشی بەمەرجی دیپۆرتکردنەوەی، ئازادکرا. بڕیارە ئەم یاریزانە ئەمشەو بە فڕۆکەی تایبەت بگەڕێتەوە وڵاتەکەی. 
 
ئاڵکان ئێڤرەن، جێگری سەرۆکی یانەی ئەنتاڵیاسپۆر و گوتەبێژی راگەیاندنی یانەکە، رایگەیاند، دوای یارییەکە بە بڕیاری ئەنجوومەنی کارگێڕی یانەکە، جێهیزکیل دەرکراوە و رێکاریە یاساییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی درێژەی هەیە.
 
ئێڤرەن باسی لەوە کرد لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماری ئەنتاڵیاوە بەڕێوەدەچێت، جێهیزکیل بە تۆمەتی "هاندان بۆ ڕق و دوژمنایەتی لەناو خەڵکدا" لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگاوە دەستگیرکراوە و لە پاش لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتیی ئازادکراوە و دوای بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی، ئێوارەی ئەمڕۆ بە فڕۆکەی تایبەت دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی.
 
دوای بڕیارەکە، ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، "تورکیا لە پرسی مافەکانی مرۆڤ و تەنانەت وەرزشیشدا بووەتە دیکتاتۆریەتێکی رەش. 100 رۆژە 136 بارمتەی بێتاوانی ئیسرائیل لەژێر دەستی گرووپی تیرۆریستی حەماس گیراون، ئەم یاریزانەمان ویستی لە رێگەی ئەم گۆڵکردنەوە، هاوسۆزی بۆ کەسوکاری بارمتەکان نیشان بدات. بەڵام هەواڵی دەستگیرکردنیمان پێگەیشت ئەمەش تاوانێکی زەق و کولتووری رق و کینەیە. بانگهێشتی هەموو جیهان دەکەم بۆ ئەوەی سەرکۆنەی بڕیارەکە و سزای تورکیا بدەن". 
 
لەلایەکی دیکەوە، گیدیۆن سائار، ئەندامی کابینەی جەنگ لە ئێکسێکدا نووسیویەتی، "ئەم هەڵوێستەی تورکیا لەبەرامبەر یاریزانەکەمان هیچ جیاوازییەکی نییە لە داگیرکردنی بەشی باکووری قوبرس، هەڵمەتی پاکتاوی نەژادی دژ بە رۆمەکانی قوبرس، داگیرکردنی بەشێکی باکووری سووریا و کوشتنی کورد. پێویستە سکاڵا لە دادگای نێودەوڵەتی پێشکێش بکرێت. هەروەها داوا لە گەشتیارانی ئیسرائیل دەکەم چیدیکە نەچنە ئەو وڵاتە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەی گازی کۆرمۆر

رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێتە دووەم بەرهەمهێنەری گاز؛ 'پێویستی بە 200 ملیار دۆلارە'

بەڕێوەبەرانی کەرتی وزە لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا لە دوبەی رایانگەیاند، بۆ ئەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ببێتە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری گازی سرووشتی لە جیهان، کەرتی وزەی ناوچەکە لە چوار ساڵی داهاتوودا پێویستی بە 200 ملیار دۆلار وەبەرهێنانە.