بلینکن دەڵێت بە تورکیای راگەیاندووە گرنگە هەسەدە بتوانێت لە رووبەڕووبوونەوەی داعش بەردەوام بێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، بە تورکیا و وڵاتانی دیکەی راگەیاندووە "گرنگە" هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بتوانن بەردەوام بن لە رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆی وڵاتانی عەرەبی، تورکیا، ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا لە شاری عەقەبەی ئوردن لەبارەی داهاتووی سووریا، بلینکن بە رۆژنامەڤانانی گوت "کاری گرنگیی ئێستا [لە سووریا] ئەوەیە دڵنیابینەوە لەوەی؛ کاری سەرکەوتووی چەند ساڵی رابردووی لەنێوبردنی خەلافەتی داعش، بەردەوام دەبێت."
بەگوتەی بلینکن، "هەسەدە رۆڵێکی گەورە لە بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەدا دەگێڕێت. ئەوان هەروەها رۆڵێکی گەورە لە پاسەوانیکردنی ناوەندەکانی دەستبەسەرداگرتندا دەبینن کە 10 هەزار چەکداری تیرۆرستی بیانییان تێدایە، هەروەها یارمەتیدەرن لە گەڕاندنەوەیاندا بۆ وڵاتە بنەڕەتەکانیان. بۆیە لە گفتوگۆکانمدا لەگەڵ هاوکارانم لە تورکیا و لەگەڵ ئەوانی دیکەش؛ باسم لەوە کرد؛ زۆر گرنگە لەم کاتەدا هەسەدە بتوانێت لەو رۆڵەی بەردەوام بێت، چونکە داعش هەوڵدەدات ئەم دۆخە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی خۆی رێکبخاتەوە و قۆناخی راگوزەر لە سووریا بقۆزێتەوە."
دوای 13 ساڵ لە شەڕی نێوخۆی سووریا، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن 8ـی ئەم مانگە کۆتاییان بە رژێمی بەشار ئەسەد هێنا. لەو کاتەوە ژمارەیەک گرووپی چەکدار کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن، دەستیان بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە کرد.
هێزە زۆرینە کوردییەکە بە سوپای دیفاکتۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دادەنرێت و لەلایەن واشنتنەوە بە هاوبەشی سەرەکی لە شەڕی دژی تیرۆر، دادەنرێت.
تورکیا و گرووپە چەکدارە سوورییەکانی لایەنگری، لە ماوەی شەڕی نێوخۆی سووریاشدا، سێ جار هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانان و چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستانیان گرت، دیارترینان عەفرین و سەرێکانی.
ئەمریکا وەک نێوەندگیر هەوڵدەدات تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ و هەسەدە رازیبکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە گرژییەکان بێنن.
پێنجشەممەی رابردوو، جەیک سۆلیڤان، راوێژکاری ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هەوڵانە، هەردوولا رێککەوتوون گرژییەکان لە منبج کەمبکەنەوە.
سولیڤان لە قودس/ئۆرشەلیم بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، لەبارەی هەسەدە "گفتوگۆی جیدی و سەخت" لەگەڵ ئەنقەرە دەکەن.
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لەلایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.
رۆژی شەممە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی دیکەی رۆژنامەڤانیدا لە عەقەبە، گوتی "پەکەکە لە چەند ساڵی رابردوودا دۆخی ئاڵۆزی سووریای قۆستووەتەوە. خۆیان لەنێو ریزەکانی هەسەدە شاردووەتەوە و پێویستە لەسەرمان لەنێویانببەین لە هەر کوێیەک بن."
فیدان هەروەها گوتی "تورکیا زۆر رێز لە کوردانی سووریا دەگرێت و خۆشگوزەرانیی ئەوانی بەلاوە گرنگە. پێویستە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئەوەی کوردانی سووریا لە پەکەکە جیابکەینەوە. هەروەها پێویستە نوێنەرە رەواکانی کورد لە دیمەشق بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی کوردانی سووریا بکەن. ئەمە ئامانجمانە و بەم ئاراستەیە بەردەوامدەبین لە کارکردن."
ئەمریکا پێیوایە، داعش لە هەوڵی خۆڕێکخستنەوەدایە.
لە هەنگاوێکدا کە ئاماژەیە بەوەی ئەمریکا بۆنی مەترسییەکەی کردووە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەو وڵاتە (سێنتکۆم) رۆژی یەکشەممەی رابردوو رایگەیاند، زیاتر لە 75 پێگەی داعشی لە سووریا بۆردوومانکردووە.
گرنگ نییە کام لایەن سەرکردایەتیی حکومەتی داهاتووی سووریا دەکات، پێشبینی دەکرێت داعش دەست لە دژایەتیکردنی هەڵنەگرێت؛ هەفتەنامەی ئەلنبەئی داعش لە دوایین ژمارەیدا دەڵێت، رێکخراوەکەیان هیچ حکومەتێکی نوێ لە دیمەشق قبووڵ ناکات، مەگەر دەسەڵات بە دەستی داعشەوە بێت.
یەکێک لەو خاڵانەی داعش دەکرێت بە خێرایی بیقۆزێتەوە و چاوی تێ ببڕێت، کەمپ و زیندانەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەیە، کە چەکدارانی داعش و ژن و منداڵانیانی تێدایە.
گرووپەکە پێشتریش ئەو هەوڵەی داوە. کانوونی دووەم (مانگی یەک)ـی 2022، داعش توانی زیندانی غوەیران لە حەسەکە بشکێنێت. بەڵام چاوەڕێ دەکرێت ئەمجارە ئامانجی سەرەکیی گرووپەکە؛ کەمپی زەبەلاحی هۆل بێت، لە هەمان شار.
لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا جێگیرکردووە، کە بەشی هەرە زۆریان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شەڕڤانانن.
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، هێزەکانیان لەوێ دەمێننەوە لە شەڕی دژی داعش بەردەوام دەبن.