رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە یەکشەممە، شاندێکی قەتەری سەردانی سووریا بکات بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی راگوزەری ئەو وڵاتە کۆبێتەوە.
دیپلۆماتێکی قەتەری دەڵێت: "بڕیارە یەکەمین شاندی قەتەری رۆژی یەکشەممە سەردانی سووریا بکات بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانە و باشکردنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان."
قەتەر لە تەممووزی 2011 باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق داخست و باڵیۆزەکەی گەڕاندەوە دوای ئەوەی خۆپێشاندانی دژی بەشار ئەسەد گۆڕدرا بۆ شەڕی نێوخۆ.
پێچەوانەی وڵاتانی دیکەی عەرەبی، قەتەر هەرگیز پەیوەندییەکانی لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد ئاسایی نەکردنەوە.
یەکشەممەی رابردوو دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن کۆتاییان بە رژێمی بەشار ئەسەد هێنا.
دیپلۆماتە قەتەرییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە لەنێو شاندەکەدا دەبن و ئەو هەواڵانەشی رەتکردنەوە گوایە سەرۆکی هەواڵگریی قەتەر سەردانی دیمەشقی کردبێت.
پێشتر بەرپرسێکی قەتەری رایگەیاندبوو، وڵاتەکەی دەرەچەیەکی پەیوەندی لەگەڵ هەتەشە کردووەتەوە.
بە گوتەی بەرپرسەکە، ئامانج لە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەتەشە و گرووپەکانی دیکە "پاراستنی ئارامی و دامەزراوە حکومییەکانی سووریایە لە ماوەی قۆناخی راگوزەردا."
قەتەر رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، لە ماوەیەکی نزیکدا باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ