رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
گەڕان بەدوای قوربانییاندا لەژێر داروپەردووی باڵەخانەی رووخاوی غەززە کە بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە داڕماوە. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانی ئیسرائیل؛ هەروەها جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی، 18 هەزار و 787 کەس کوژراون و 50 هەزار و 897 کەسی دیکە بریندار بوون، ئەوە بە گوێرەی تەندروستیی غەززە.
رۆژی پێنجشەممە، 14ی کانوونی یەکەمی 2023، ئەشرەف قودرە، گوتەبیژی تەندروستی کەرتی غەززە رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا 179 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و 303 کەسی دیکەش بریندار بوون؛ گوتیشی، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە لە 7ی تشرینی یەکەمەوە گەیشتووەتە 18 هەزار و 787 کەس.
بە گوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، لەنێو کوژراوەکاندا نزیکەی 13 هەزار ژن و منداڵ هەن.
هاوکات، بە گوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتی رۆژئاوای فەلەستین، لە 7ی تشرینی یەکەمەوە بەهۆی گرژییەکانی ئەو ناوچەیەوە 286 کەس کوژراون کە 65یان منداڵ بوون و سێ هەزار و 365 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشەکەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەم بۆسەر باشووری ئەو وڵاتە و هێرشە مووشەکییەکانی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە، هەزار و 200 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و هەشت هەزار و 730 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێن، لە بۆردوومان و تۆپبارانەکانی کەرتی غەززەدا 305 هەزار خانوو و شوقە خاپوور بوون یان زیانیان بەرکەوتووە؛ هەروەها لەکۆی 35 نەخۆشخانەی ئەو ناوچەیەی فەلەستین 26یان لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری وەستاون؛ هاوکات تاوەکو ئێستا ملیۆنیک و 900 هەزار هاووڵاتی کەرتی غەززە ئاوارە بوون و پێویستییەکی زۆریان بە هاوکاری مرۆییە.
هەروەها، بەهۆی هێرشەکانی 7ی تشرینی یەکەمی حەماس و هێرشە مووشەکییەکانی دوای ئەو رۆژەوە 250 هەزار هاووڵاتیی ئیسرائیلی ئاوارە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ