رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، هاوکارییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا کۆتاییان دێت و ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئێستا پاراستنی خەڵکی سڤیلە لە غەززە، هەروەها گوتیشی، "دەبێت ئۆکراینا لە نازیبوون دابماڵدرێت و بێلایەنی بۆ بگەڕێتەوە."
رۆژی پێنجشەممە، 14-12-2023، ڤێلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەبارەی وادەی کۆتاییهاتنی جەنگ لەگەڵ ئۆکراینا باسی لەوەکرد کە هەر کاتێک ئامانجەکانیان لە ئۆکراینا بەدەستهێنا، ئاشتی بەرقەرار دەبێت. باسی لەوەشکرد کە ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە هاووڵاتییانی سڤیل لە غەززە بپارێزن.
سەرۆکی رووسیا جەختی کردەوە کە هاوکارییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا کۆتاییان دێت و پێویستە ئۆکراینا بگەڕێتەوە بۆ بێلایەنی و لە نازیبوون دابماڵرێت.
24ـی شوباتی ساڵی رابردوو شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا دەستیپێکرد. لە دەستپێکی شەڕی ئۆکراینا و رووسیاوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئابی ئەم ساڵ نۆ هەزار و 511 کەس گیانیان لەدەستداوە و 17 هەزار و 511 کەسی دیکەش بریندار بوون.
سەبارەت بە دۆخی جەنگی نێوانیانەوە ڤێلادیمیر پووتین گوتی، 617 هەزار سەربازی رووسیا لە ناوچەکانی جەنگدان لە ئۆکراینا و "سەنگەرەکانمان لە ئۆکراینا بەهێزکردووە."
هەروەها سەرۆکی رووسیا باسی لە سەردانیکردنی بۆ وڵاتی تورکیا کرد و رایگەیاند، رەنگە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو سەردانی تورکیا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ