رووداو دیجیتاڵ
عەلی لاریجانی، راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ سەردانی سووریا دەکات و لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، شەوی چوارشەممە بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاندووە: "عەلی لاریجانی، رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ شاندێکی باڵا بە مەبەستی دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی سووریا و بە تایبەت بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە سەردانی دیمەشق دەکات."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و پێشخستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان میحوەری سەرەکیی گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی لاریجانی لەگەڵ بەرپرسانی سووریا دەبێت.
سەردانی راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی بۆ سووریا لە کاتێکدایە، کە بە پێی میدیای ئێران و ناوچەکە، ئیمارات و ئوردن هەوڵدەدەن بەشار ئەسەد رازی بکەن لە ئێران دوور بکەوێتەوە.
رۆژنامەی کەیهانی ئێرانی کە وەکو رۆژنامەیەکی نزیک لە نووسینگەی رێبەری ئێران دەناسرێت، لەوبارەیەوە نووسیویەتی، ئیمارات و ئوردن داوایان لە ئەسەد کردووە پابەند بێت بە داخستنی سنوورەکانی ئەم وڵاتە بەڕووی هەر جۆرە پاڵپشتییەکی مادی و سەربازی لە لوبنان لە خاکی سوریاوە.
کەیهان دەڵێت، لەم پێوەندییەدا ئیمارات هاندانێکی زۆر گەورەی دارایی پێشکەش بە ئەسەد کردووە و رایگەیاندووە ئامادەیە هەموو سووریا ئاوەدان بکاتەوە بەو مەرجەی سووریا لە "میحوەری ئێران" دوور بکەوێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ