بایدن: بارمتەکانی ژێر دەسەڵاتی حەماس ئازاد دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، لە ئاییندەیەکی نزیکدا چەکدارانی حەماس ژمارەیەک بارمتە ئازاد دەکەن. ئەم گوتەیەی جۆ بایدن لە کاتێکدایە، میدیای ئەمریکا لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل و حەماس لە رێککەوتن بۆ ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆر لە بارمتەکان کە زۆربەیان ژن و منداڵن، نزیکن.
رۆژی سێشەممە، 14ی تشرینی دووەمی 2023، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا لە کۆشکی سپی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی هەوڵەکانی ئیدارەکەی بۆ ئازادکردنی بارمتەکانی ژێر دەستی حەماس رایگەیاند، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، بەڵام نایەوێت وردەکاریی زیاتر ئاشکرا بکات بۆ ئەوەی ئەو هەوڵانە تێکنەچن.
بایدن گوتی، "هەموو رۆژێک قسەم لەگەڵ ئەو کەسانە کردووە کە سەرقاڵی دانوستاندنن، بڕوام وایە [ئازادکردنی بارمتەکان] روودەدات، بەڵام نامەوێت بچمە وردەکارییەوە". سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکیشی بۆ بارمتەکان پێ بوو، کاتێک گوتی، "چاوەڕێمان بن؛ دیێن".
مەکگۆرک دێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
دوای پەیامەکەی بایدن، گەورەی راوێژکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، برێت مەکگۆرک بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێکەوت، بەشێکی هەوڵەکانیشی بۆ پرسی ئازادکردنی بارمتەکانە و لەو گەشتەیدا سەردانی ئیسرائیل، کەرتی رۆژئاوا، قەتەر، سعودیە و چەند وڵاتێکی دیکە دەکات.
رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2023، چەکدارانی حەماس لانیکەم 240 کەسیان بە بارمتە گرت کە زۆربەیان هاووڵاتیی ئیسرائیلین، بەڵام ژمارەیەکیشیان هاووڵاتیی وڵاتانی وەک ئەمریکا، فەرەنسا و تایلاندن.
رۆژی 12ی تشرینی دووەم، جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، 9 هاووڵاتی بێسەروشوێنن و لەوبڕوایەدان لای چەکدارانی حەماس بە بارمتە گیراون.
سوڵیڤان گوتی، "دانوستاندن لەنێوان ئیسرائیل و قەتەرییەکان بەردەوامە. ئێمە وەکو ئەمریکا لە هاوئاهەنگیداین و دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی سەرجەم ئەو ئەمریکیانەی بە بارمتەگیراون، بە سەلامەتی دەگەڕێنەوە بۆ وڵات".
ئیسرائیل دەڵێت 100 و حەماس دەڵێت 70
13ی تشرینی دووەم، میدیای ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلیەوە بڵاویکردەوە، رێککەوتنی وڵاتەکەی و چەکدارانی حەماس لەسەر ئازادکردنی زۆربەی بارمتەکان نزیکە و رەنگە لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتن رابگەیێندرێت.
دواتر ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی کەتائیبی قەسام، باڵی چەکداریی حەماس لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ئیسرائیل داوای ئازادکردنی 100 ژن و منداڵی کردووە، بەڵام ئەوان ئامادەن 70 بارمتە ئازاد بکەن.
لە بەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکان، ئیسرائیل ئامادەیە ئاگربەستێکی پێنج رۆژی لە کەرتی غەززە رابگەیێنێت. ئاگربەستەکە رێگە بە ئیسرائیل دەدات بارمتە ئازادکراوەکان بگەڕێنێتەوە نێو کەسوکاریان؛ هەروەها رێگە بە رێکخراوە خێرخوازییەکان دەدات هاوکاریی زیاتر بگەیێننە خەڵکی غەززە.
بەرپرسە ئیسرائیلیەکە رایگەیاندووە، یەکێک لەو خاڵانەی رێککەوتنەکەی راگرتووە ئەوەیە ئیسرائیل دەیەوێت بزانێت سەرجەم بارمتەکانی لای حەماس هێشتا ماون و چاوەڕێی وەڵامی حەماس دەکات.
"بارمتەکان لەژێر نەخۆشخانەکاندا نین"
یەکێک لە پاساوەکانی سوپای ئیسرائیل لە ئامانجکردنی ناوچەکانی نزیک لە نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە ئەوەیە کە لەژێر نەخۆشخانەکاندا حەماس کۆگەی چەکی هەیە و هەروەها بارمتەکانیشی لەژێر نەخۆشخانەکان شاردووەتەوە.
رۆژی دووشەممە، دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سەربازانیان هەندێ بەڵگەنامەیان دەستکەوتووە کە دەریدەخەن بارمتەکان لەژێر نەخۆشخانەکانن.
بەڵام رۆژی سێشەممە 14-11-2023 ئەبو عوبەیدە، ئەو تۆمەتانەی رەتکردنەوە و رایگەیاند، "بوتڵی شیری منداڵان و توالێتی کاتی و ماتۆڕسکیل بەڵگە نین دەریبخەن بارمتەکان لەژێر نەخۆشخانەکاندان".
دواتر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە جنێڤەوە رایگەیاند، تائێستا هیچ بەڵگەنامەیەکیان لەبەردەست نییە ئاماژە بەوە بکات کە هێشتا بارمتەکان لەژیاندا ماون.
قەتەر سەرپەرشتیی هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەکات
قەتەر سەرپەرشتیی دانوستاندن و هەوڵەکانی تایبەت بە ئازادکردنی بارمتەکان دەکات. میسریش رۆڵ دەگێڕێت. رۆژی سێشەممە 14-11-2023 ماجید محەممەد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، بەردەوامیی هێرشەکانی سەر کەرتی غەززە و زیادکردنی ژمارەی قوربانیانی جەنگەکە، هەوڵەکانی ئەوانی بۆ ئازادکردنی بارمتەکان زەحمەت کردووە، بەڵام ماجید محەممەد داواشی لە هەردوو حکومەتی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس کرد، هەوڵی جیدی بدەن بۆ گەیشتن بە راگەیاندنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان، "چونکە هیچ رێگەیەکی دیکە نییە".
لە دوای هێرشەکەی چەکدارانی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، کە تێیدا هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران، سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە هێرشی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد.
بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە 11 هەزار و 300 فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە کە 40٪ی کوژراوەکان منداڵن.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، چەند جارێک رایگەیاندووە هیچ ئاگربەستێک راناگەیێندرێت تا ئەوکاتەی سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکرێن.
رۆژی سێشەممە، کەسوکاری بارمتەکان رێپێوانێکی پێنج رۆژەیان راگەیاند کە بە پێ لە شاری تەلئەڤیڤەوە بەڕێدەکەون بۆ ئورشەلیم / قودس، ئامانجیشیان گوشارکردنە سەر حکومەتی ئیسرائیل بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.