رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، ئاماری نوێی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و سووریا بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، لە کەمتر لە مانگێکدا، 55 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانیان لە عێراق و سووریا.
رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر سەربازانیان لە عێراق و سووریا زیادیکردووە و بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە ژمارەیەک سەربازی ئەمریکا بریندار بوون.
سابرینا سینگ رایگەیاند، لە 17ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە، 55 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان لە عێراق و سووریا؛ 27یان لە عێراق بوون و 28ـەکەی دیکەش لە سووریا بوون.
جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن ئاشکرایکرد، بەهۆی ئەو هێرشانەوە 59 سەربازی ئەمریکی بریندار بوون، بەڵام گوتیشی سەرجەم بریندارەکان چاکبوونەتەوە و گەڕاونەتەوە بۆ سەر ئەرکی خۆیان.
سەرەڕای هێرشەکان، ئەو بەرپرسەی پێنتاگۆن رایگەیاند، رێکارە سەربازییەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران سەرکەوتوو بوون.
لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا، لە 26ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە سوپای ئەمریکا سێ جار هێرشی بۆ سەر بنکە و پێگەی ئەو گرووپە چەکدارانە لە سووریا کردووە و رۆژی دووشەممەش 13-11-2023 لۆید ئوستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو هێرشانە "وەڵاممان بوون بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانمان لە عێراق و سووریا".
دوایینی ئەو هێرشانە، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 12ی تشرینی دووەم بوو، کاتێک پێنتاگۆن رایگەیاند، لە رێگەی دوو فڕۆکەوە چەند کۆگەیەکی چەکیان لە سووریا کردە ئامانج کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکیەوە بەکاردەهێندران.
مانگی رابردوو، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری ناردنی هێزی زیاتری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، ئەوەش وەک رێکارێک بۆ پاراستنی زیاتری سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکە و رێگەگرتن لە فراوانبوونی جەنگی غەززە لە ناوچەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ