ئاوارەبوونی نابەدڵی خەڵك لە غەززە بەردەوامە و نەتەنیاهووش دەڵێت ناوەستن تاوەکو سەردەکەون

14-11-2023
لهۆن نەسرەدین
  دیمەنێکی غەززە و ئاوارەبوونی خەڵک دوای بۆردوومانەکانی ئیسرائیل. وێنە: AFP
دیمەنێکی غەززە و ئاوارەبوونی خەڵک دوای بۆردوومانەکانی ئیسرائیل. وێنە: AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جەنگی غەززە نزیکدەبێتەوە لە 40 رۆژ، ئاوارەبوونی خەڵک لە باکووری شارەکەوە بەرەو باشوور بەردەوامە. بەشی زۆری ئاوارەکان خۆراک و پێداویستیی رۆژانەیان دەستناکەوێت و لە کەمپ و قوتابخانەکان ژیانێکی سەخت بەڕێدەکەن. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت، ناوەستن تاوەکو شەڕەکە لە بەرژەوەندیی خۆیان یەکلایی نەکەنەوە.
 
لەسەرەتای ئەم ڤیتییەدا چیرۆکی خێزانێک دەبینن کە لەژێر خێوەتێک لە کەمپێکی خان یونس لە باشووری غەززە گیرساونەتەوە، ئەوا 9 کەس و پێیانوایە بە بەختن، چونکە نانی دوو رۆژ لەمەوبەر و کەمێك جاترە و چەند خەیارێكیان بۆ ماوەتەوە کە لە برسیەتی دەیانپارێزێت.
 
ئەنوەر تارابیش، ئاوارەی غەززە دەڵێت، "ئێمە لە نەخۆشخانەی شیفا بووین و وامانزانی پارێزراوە، بەڵام وا دەرنەچوو، ئەم شوێنەش کە ئێستا تێیداین، ئەگەری هەیە هەموو کاتێک بۆردوومان بکرێت و وەک نەخۆشخانەی شیفا کارەساتی لێ بکەوێتەوە".
 
نەخۆشخانەی شیفا بەدەر نەبووە لە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل و پرشکی ئاگر بەر نەخۆشخانەکەیش کەوتووە. بەپێی تەندروستیی غەززە، تاوەکو ئێستا سەرووی 12 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، کە هەشت هەزاریان ژن و منداڵن. هەروەها 28 هەزار کەس بریندار و زیاتر لە هەزار کەسیش بێسەروشوێن کە زۆرینەیان منداڵن.
 
سەرەڕای داواکارییەکان بۆ وەستاندنی کاتیی شەڕ؛ بەڵام نەتانیاهوو هەموویان رەتدەکاتەوە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی گۆڕەپانی شەڕ دەکات و بەڵێنی سەرکەوتن دەدات.
 
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، "من لێرەم لەنێوان ئەم قارەمانانە کە بوێرانە دژ بە تیرۆریست و تێکدەران شەڕ دەکەن، تا ئەو کاتەی کە بە سەرکەوتنی تەواو دەگەین، ناوەستین".
 
لە ئاسمان سوپای ئیسرائیل بۆ یەکەمجار سیستمی دژە مووشەکیی "ئەراو"ی تاقیکردەوە بۆ تێکشکاندنی هەر مووشەکێک لە دەریای سوورەوە ئاراستەی ئیسرائیل بکرێت، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک لە ئەگەری فراوانبوونی شەڕەکە.
 
لە ملیۆن و 200 هەزار دانیشتووانەکەی باكووری غەززە؛ تەنیا چەند سەت هەزار کەسێكیان ماون، چیرۆکی کۆچی غەززەییەکان بە ئامرازی باوباپیرانیان بەرەو باشوور بەردەوامە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە