لە دەستپێکی هێرشی زەوینییەوە بۆ سەر لوبنان 14 سەربازی ئیسرائیلی کوژراون

دوێنێ کاژێر 09:25
لهۆن نەسرەدین
پاشماوەی بۆردوومانێکی ئیسرائیل لە لوبنان.
پاشماوەی بۆردوومانێکی ئیسرائیل لە لوبنان.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئیسرائیل هێندە بۆمبی بەسەر ناوچەی بیقاع لە رۆژهەڵاتی لوبناندا تەقاندووەتەوە، سیمای وێرانی غەززەی لێنیشتووە.
 
ئاسمانی حەیفای لە رۆژئاوای ئیسرائیل بە رۆژ مووشەک باران دەکرێت؛ بە شەویش درۆنباران. 
 
نوێترینی درۆنی جۆری سەیاد 107ی درووستکراوی ئێرانە کە بە سەربازگەیەکی ئیسرائیلیدا تەقییەوە چوار سەربازی کوشت و دەیانی دیکەی بریندارکردن.
 
رافی شیڤا ئەفسەری پۆلیسی ئیسرائیلییە و دەڵێت: "رووداوێكی خوێناوییە. هێرشە درۆنییەکە بووەهۆی کوژران و  برینداربوونی چەند کەسێك؛ برینی بەشێکیان سەختە. بە پەلە گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازی".
 
دەربازبوونی درۆنە خۆکوژییەکەی حیزبوڵڵا لە راداری ئیسرائیل، تاڕادەیەک سوپای تووشی شڵەژان کردووە.
 
دانیێل هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت: "لێکۆڵینەوە دەکەین تاوەکو بزانین ئەو درۆنە چۆن لە سیستەمی رادارمان دەرباز بووە. هۆکارەکەی دەدۆزینەوە و خۆمان بەهێزتر دەکەین تاوەکو باشتر بەرگری لە سەرباز و هاووڵاتییانی گەلی ئیسرائیل بکەین".
 
لە دەستپێکی هێرشە زەوینییەکە، لانیکەم 14 سەربازی ئیسرائیلی کوژراون؛ لە بەرامبەردا بە گوتەی ئیسرائیل، سەتان چەکداری حیزبوڵڵا کوژراون، نیوەی جبەخانەی سەربازیی تەقێندراوەتەوە و دەیان تونێڵیان وێرانکردووە.
 
لە سەرەتای ئەم مانگەوە، ئیسرائیل لە دوو میحوەرەوە هێرشی زەوینی بۆسەر باشووری لوبنان دەستپێکرد، بەهۆی سەختی جوگرافیای ناوچەکە و پێکدادانی چەکدارانی حیزبوڵڵا، دوای 10 رۆژ رووی کردە باشووری رۆژئاوا و بەرەیەکی دیکەی لە ناقوورە کردەوە.
 
هاوکات، ئەمریکا بڕیارە سیستەمی بەرگری ئاسمانی " تاد" بە پێرسونێڵەکانیەوە بنێرێتە ئیسرائیل، هۆکارەکەش رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی حیزبوڵڵا و ئەگەری هێرشی مووشەکی ئێران لە وەڵامی هێرشە چاوەڕێکراوەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئەو وڵاتە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل. وێنە: AFP

نەتەنیاهوو: حیزبوڵڵا 10 هەزار مووشەکی تێگرتووین

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی نوێدا دەڵێت، لە ساڵی پارەوە حیزبوڵڵا زیاتر لە 10 هەزار مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. ئەو هەروەها ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە کە گوایە سوپای ئیسرائیل بە ئەنقەست هێرشی کردبێتە سەر هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ داوایان لێدەکات بۆ ماوەیەکی کاتی لە ناوچەی شەڕ دووربکەونەوە.