ئەمریکا بۆ هاووڵاتییەکانی: هەر ئێستا لوبنان بەجێبهێڵن

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییەکانی دەکات، دەستبەجێ لوبنان بەجێبهێڵن و دەڵێت: "گەشتی فڕۆکە مەدەنییەکان تا سەر بەردەوام نابن".
 
رۆژی دووشەممە 14-10-2024 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئێکس بڵاویکردەوە: "داوا لە هەموو هاووڵاتییە ئەمریکییەکانی نێو لوبنان دەکەین، تاوەکو گەشتی فڕۆکە مەدەنییەکان هەن، تکایە لە رێگەی فڕۆکەخانەی رەفیق حەریرییەوە لە بەیرووت ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن".
 
ئەمریکا رایگەیاند: "لە 27ـی ئەیلوولەوە بە هەزاران کورسیی زیاترمان لە نێو فڕۆکەکان کڕیوە بۆ ئەوەی جێگەی ئێوە و خێزانەکانتان ببێتەوە و بێنەوە، بەڵام زۆربەی ئەو کورسییانە هێشتا بە بەتاڵی ماونەتەوە".
 
وەزارەتەکە داوایکرد: "تکایە تێبگەن ئەم فڕۆکە مەدەنییانە تا سەر بەردەوام نابن".
 
رۆژی 03-10-2024 ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی شەش هەزار ئەمریکی داوایان لە کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە بەیرووت کردووە، زانیارییان لەسەر رێکارەکانی بەجێهێشتنی لوبنان پێبدەن. ئەمە لە کاتێکدایە نزیکەی 86 هەزار هاووڵاتیی ئەمریکی لە لوبناندان.
 
دۆخی لوبنان دەکوڵێت، لە 23ـی ئەیلوولەوە هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان و بەیرووت زۆر زیادیان کردووە. ئیسرائیل دەڵێت، ئەوان ئامانجیانە حیزبوڵڵا لە نێو ببەن. لە 23ـی مانگی رابردووەوە لانیکەم 1300 کەس لە لوبنان کوژراون، 10 هەزار کەس برینداربوون، 600 هەزار کەس ئاوارەی نێوخۆ و 400 هەزار کەسیش ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوون.
 
یەکێکە لە هێرشە کوشندەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە شەوی 10-10-2024 بوو. ئیسرائیل نێوەڕاستی شارەکەی بە ئامانج گرت. وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، تەنیا لەو هێرشە 22 کەس کوژران و 117 کەس برینداربوون.
 
دوێنێ یەکشەممە، حیزبوڵڵا رایگەیاند: "لە تۆڵەی ئەو هێرشە بە درۆن شاری حەیفایان کردە ئامانج."
 
حیزبوڵڵا گوتی، بە "ژمارەیەک درۆنی کامیکازی" هێرشیان کردووەتە سەر پێگەیەکی راهێنانی سوپای ئیسرائیل، لە باشووری حەیفا کە بە (کەتیبەکانی گۆلان) ناسراوە.
 
میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، حیزبوڵڵا بە درۆن هێرشی کردە سەر ناوچەی بنیامینا لە شاری حەیفا. زەنگی ئاگادارکردنەوە پێش هێرشەکە لێنەدرا و بەرگریی ئاسمانیش فریای بەرپەرچدانەوەی درۆنەکە نەکەوت. لە ئەنجامدا چوار کەس کوژران و زیاتر لە 60 کەسیش برینداربوون.