حیزبوڵڵای لوبنان: چەند بنکەیەکی ئیسرائیلمان تۆپباران کرد

14-10-2023
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

حیزبوڵڵای لوبنان کە بە هێزێکی چەکداری نزیک لە بزووتنەوەی حەماس دادەندرێت بڵاویکردەوە، لەسەر سنوورەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل چەند بنکەیەکی ئیسرائیلیان تۆپباران کردووە. 
 
رۆژی شەممە، 14-10-2023، حیزبوڵڵای لوبنان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە رێگەی "مووشەکی ئاڕاستەکراو و هاوەنەوە" هێرشیان کردووەتە سەر "بنکەکانی زایۆنییەکان لە باخچەکانی شەبعای داگیرکراو." هاوکات، بەشێک لە سەرچاوە خۆجێییەکانی نزیک لە باخچەکانی شەبعا ئاماژە بە بۆردوومان و بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە ناوچەکە دەکەن.
 
رۆژی یەکشەممە 08-10-2023ش حیزبوڵڵای لوبنان ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و هەر زووش سوپای ئیسرائیل وەڵامی دایەوە. لەو رۆژەوە چەندجارێک حیزبوڵڵا چەند شوێنێکی لە ئیسرائیل تۆپباران کردووە و ئیسرائیلیش وەڵامی داوەتەوە.
 
رۆژی شەممە، 14-10-2023، سوپای لوبنان رایگەیاند: "ئیسرائیلی دووژمن مووشەکێکی تەقاند کە بەر ئۆتۆمبێلی تیمێکی میدیاکاران کەوت و بووە هۆی کوژرانی عیسام عەبدوڵڵا." ئەم راگەیێندراوەی سوپای لوبنان دوای ئەوە هات کە رۆژی هەینی 13-10-2023 گوندی عەلما شەعبی باشووری لوبنان تۆپباران کرا و بەهۆیەوە میدیاکارێکی ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز کوژرا و شەش میدیاکاری دیکە بریندار بوون، لەوانەش میدیاکاری ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس و کەناڵی جەزیرە.
 
لەبارەی کوژران و برینداربوونی ئەو میدیاکارانە، رۆژی هەینی، 13-10-2023، گیلاد ئەردان، نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند: "بێگومان، هەرگیز نامانەوێت هیچ رۆژنامەنووسێک کە کاری خۆی دەکات تەقەی لێبکەین، بیکوژین، یان ئازاری بدەین. بەڵام تۆ دەزانیت کە ئێمە لە شەڕداین و شتەکان روودەدەن." هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، لەو بارەیەوە ئیسرائیل لێکۆڵینەوە دەکات. 
 
باخچەکانی شەبعا و کەفرشوبا لە جەنگی ساڵی 1967 لە لایەن ئیسرائیلەوە لە دەستی سووریا دەرهێنران کە بەشێکن لە بەرزاییەکانی جۆلانی سووریا کە ئیسرائیل لە ساڵی 1981ـەوە بە خاکی خۆیەوە لکاندوویەتی. حکومەتی لوبنان دەڵێت، ئەو ناوچەیە لە بنەڕەتدا بەشێکە لە خاکی لوبنان.
 
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند.
 
دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی فوئاد حوسێن و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس

وەزیری دەرەوەى عێراق: داعش داڕمانی سوپای سووریا و کشانەوەی هەسەدەی قۆستووەتەوە

وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەنتۆنى گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتوووکان بە تەلەفۆن دۆخى سووریا تاوتوێ دەکەن، بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوە، گوتێرێس نیگەران بووە لە ئەگەرى دروستبوونى ئاڵۆزى لەنێوان یەپەگە و هەندێک رێکخراو و گرووپە چەکدارەکانى دیکە لەو وڵاتەدا.