رووداو دیجیتاڵ
سوپای لوبنان دەڵێت، مووشەکبارانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان، بووەتە هۆی کوژرانی میدیاکارەکەی ئاژانسی رۆیتەرز.
رۆژی شەممە، 14-10-2023، سوپای لوبنان رایگەیاند: "ئیسرائیلی دووژمن مووشەکێکی تەقاند کە بەر ئۆتۆمبێلی تیمێکی میدیاکاران کەوت و بووە هۆی کوژرانی عیسام عەبدوڵڵا،" ڤیدیۆگرافەر و میدیاکاری ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز.
ئەو راگەیێندراوەی سوپای لوبنان لەکاتێکدایە کە رۆژی هەینی، 13-10-2023 گوندی عەلما شەعبی باشووری لوبنان تۆپباران کرا و بەهۆیەوە میدیاکارێکی ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز کوژرا و شەش میدیاکاری دیکە بریندار بوون، لەوانەش میدیاکاری ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس و کەناڵی جەزیرە.
دوای ئەوە، رۆیتەرز لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لە ناخەوە خەمبارین بە لەدەستدانی عیسام عەبدوڵڵا، کامێرامانی ئاژانسەکەمان. عیسام لەگەڵ تیمێکی میدیاکار خەریکی رووماڵ بوون لە ناوچەکەدا." هاوکات، لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتبوو کە "لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی بە خێرایی زانیاریی وردمان پێبدەن."
هەر رۆژی هەینی، لەبارەی کوژران و برینداربوونی ئەو میدیاکارانە، گیلاد ئەردان، نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "بێگومان، هەرگیز نامانەوێت هیچ رۆژنامەنووسێک کە کاری خۆی دەکات تەقەی لێبکەین، بیکوژین، یان ئازاری بدەین. بەڵام تۆ دەزانیت کە ئێمە لە شەڕداین و شتەکان روودەدەن." ئاماژەی بەوەش کرد، لەو بارەیەوە ئیسرائیل لێکۆڵینەوە دەکات.
کەناڵی جەزیرەی قەتەریش بڵاویکردەوە کە میدیاکارەکان لەو ناوچەیە بۆ سەلامەتیی خۆیان لە یەک شوێنی گوندەکە کۆببوونەوە و جلی گولـلەنەبڕیان پۆشیبوو، کە لەسەریشی نووسرابوو PRESS واتە ئەوانە میدیاکارن.
تاوەکو ئێستا لە ئەنجامی شەڕی نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل و تۆپبارانەکانی نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و سوپای ئیسرائیل لانیکەم 10 میدیاکار گیانیان لەدەستداوە.
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند.
دوای هێرشەکەی بزووتنەوەی حەماسیش سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و تۆپبارانی چەند شوێنێکی غەززە کرد و لە هەندێک شوێنیش شەڕ لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس دروستبوو.
رۆژی یەکشەممە، 08-10-2023ش حیزبوڵڵای لوبنان ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و هەر زووش سوپای ئیسرائیل وەڵامی دایەوە. لەو رۆژەوە چەندجارێک حیزبوڵڵا چەند شوێنێکی لە ئیسرائیل تۆپباران کردووە و ئیسرائیلیش وەڵامی داوەتەوە.
هەشت رۆژ بەسەر گرژی و هێرشەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل تێدەپەڕێت و تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ هەزار و 300 کەس لە هەردوولا کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ