حەماس چۆن توانی "دیواری پۆڵایین"ی ئیسرائیل بشکێنێت؟

15-10-2023
لهۆن نەسرەدین
بەشێکی راهێنانەکانی حەماس.
بەشێکی راهێنانەکانی حەماس.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

مانگێک بەر لەوەی حەماس بەربەستی نێوان کەرتی غەززە و ئیسرائیل ناسراو بە "دیواری پۆڵایین" بشکێنێت و هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەم ئەنجامبدات، راهێنانی چڕ و پڕی کردووە؛ حەماس گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە ئەو راستییە دەردەخات.
 
هاوشێوەی بارەگا و دامەزراوەکانی دیکەی ئیسرائیلیان دروستکردووە و راهێنانی کۆنترۆڵکردنیانیان کردووە؛ هەندێ لەو ر‌اهێنانە تەنانەت بە دووری کەمتر لە 4 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە کراون.
 
ئەلێکس پلیتساس، چاودێری سیاسی لەو بارەیەوە دەڵێت، "بیرۆکەی ئەوەی کە 2 هەزار چەکداری حەماس بتوانن پەرژینی تەواو پاسەوانکراوی ئیسرائیل کە بە دیواری پۆڵایین ناسراوە بشکێنن، بەڕاستی بە بیری هیچ کەسدا نەهاتووە. بەڵام حەماس شکاندی؟ پرسیارەکە ئەوەیە چۆن حەماس توانی بچێتە نێو ئیسرائیلەوە؟"
 
یەکەم هەنگاوی حەماس لە هێرشەکەیدا، تەقاندنەوەی بەشێک لە دیوارەکە بوو. لەوێوە دزەیان کردە نێو ئیسرائیل.
 
ڤیکتۆر تریکاود، چاودێری سیاسی دەڵێت، "پەرژینەکە بەدەر لەوەی چەندین ئامێری هەستەوەری بۆ دانراوە و چەند ئەستوور و تۆکمە بێت، دواجار پێکهاتەیەکە بە بۆمب و بلدۆزەر دەشکێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کاتێك شکێندرا بۆ چی زەنگی هۆشیارکردنەوە لە ناوەندی چاودێریی سوپای ئیسرائیل لێنەدرا؟"
 
بە درێژایی 16 ساڵی تەمەنی دەسەڵاتی حەماس، ئیسرائیل سەرقاڵی دروستکردنی پەرژین و دیواری پۆڵایین لە سنووری غەززە بووە؛ بەربەستەکە 60 کیلۆمەتر درێژە و بەرزییەکەی 9 مەترە؛ هەزاران کامێرای چاودێری لەسەر دانراوە و هەر جووڵە یان دەستلێدانێكی، دەبێتە هۆی ئەوەی دەستبەجێ لە ژووری کۆنترۆڵ زەنگ لێ بدات و دیمەن بە راستەوخۆ دەگوازرێتەوە.
 
کاتێك 3 ساڵ لەمەوبەر سەبارەت بە نیگەرانییەکانیان، پرسیار لە ئیسرائیلییەکانی نزیک دیواری غەززە کرا، هەستێكی ئەرێنییان هەبوو.
 
دەیڤید ئامار، دانیشتووی ئۆردوگای جوونشین لە سدیرۆت گوتی، "دوێنێ شەو چەکدارانی قەسام مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کرد و گومەزە ئاسنینەکەمان تێکیشکاندن، لە زەمینیشەوە چی دیکە ترسمان نییە، چونکە دیواری پۆڵایین بە بەرزترین تەکنەلۆژیا درووستکراوە و ملیاران دۆلاری بۆ خەرج کراوە."
 
مایکل مەکۆل، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەڵێت، "3 رۆژ بەر لە هێرشەکەی حەماس، میسر ئیسرائیلی ئاگادار کردوەتەوە لە ئەگەری روودانی تووندوتیژی"، بەڵام نەتەنیاهووی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەو قسانەی رەتکردەوە.
 
دوو رۆژ دوای هێرشەکە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی، کەسانێک هەڵەیان کردووە و دەبێت سزا بدرێن، بەڵام ئێستا کاتی شەڕە نەک لێپێچینەوە.
 
لە نێو شەقامی ئیسرائیلیش هەندێک نەتەنیاهوو بە نیشتمانفرۆش ناو دەبەن. هەندێکیش دەڵێن چاوپۆشیی لە هێرشەکە کردووە تاوەکو شەڕ رابگەێنێت و حکومەتە هاوپەیمانە فشۆڵەکەی لە شکست رزگار بکات.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە