چیرۆکی ئەو باوکەی لە هەمان رۆژ بەڵگەنامەی لەدایکبوون و مردنی بۆ منداڵەکانی دەرکرد

رووداو دیجیتاڵ

محەممەد ئەبو قومسان، هاووڵاتییەکی غەززەییە و سێ رۆژ بوو دووانەیەکیان لەدایک ببوو، دەچێتە نەخۆشخانە بۆ ئەوەی بەڵگەنامەی لەدایکبوونیان بۆ دەربکات؛ بەڵام هەواڵی مەرگی دوو منداڵەکەی و هاوژینەکەی بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیلەوە پێدەدرێت.
 
محەممەد لە هەمان رۆژدا، بەڵگەنامەی لەدایکبوون و مردنی بۆ منداڵەکانی دەرکرد.
 
لە ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەبو قومسان دەردەکەوێت، بەڵگەنامەکانی هێشتا لەدەستە، لە تاو لەدەستدانی دوو کۆرپە و هاوژینەکەی بە گریانەوە هەڵبەز و دابەز دەکات و ناتوانێت بەر بەخۆی بگرێت.
 
دوای شین و رۆڕۆیەکی زۆر، محەممەد گوتی "دوای ئەوەی بڕوانامەکانم بۆ چاپکرا، تەلەفۆنێکم بۆ هات. کەسێک تەلەفۆنی کرد و لێی پرسم تۆ باشیت؟ لەکوێیت؟ گوتم لە نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسام، ئەو کەسە پێی راگەیاندم خانووەکەم کراوەتە ئامانج و خاپوور کراوە."
 
محەممەد لەگەڵ هاوژین، دوو منداڵەکەی و زڕدایکی لە نهۆمی پێنجەمی شوقەیەک لە شاری دێربەلەح لە نێوەڕاستی کەرتی غەززە دەژیان.
 
محەممەد گوتی "پێیانگوتم منداڵەکان و هاوژینەکەم بۆ نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا گوازراونەتەوە. چوومە نەخۆشخانەکە، هێشتا بەڵگەنامەکانم لەدەستبوون، لەوێ پێیانگوتم هەرسێکیان لە ساردخانەکەن و بێ گیانن."
 
لەبارەی ئەو هێرشەوە، گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند "ئەو زانیارییانەی بۆ رای گشتی بڵاوکراونەتەوە هێشتا لەلای هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیلەوە پشتڕاستنەکراونەتەوە."
 
محەممەد یەکەمجار بوو ببێتە باوک، بەڵام تەنیا بۆ ماوەی سێ رۆژ. ئەو رۆژی چوارشەممە 14-08-2024، چەند پارچە جلوبەرگێکی رەنگ شین و پەمەیی بچووکی دەقکرد و ماڵە رووخێندراوەکەی بەجێهێشت.
 
ئەبو قومسان نەیتوانی پیشانی هاوژینەکەی بدات کە منداڵەکانیان بە فەرمی تۆمارکراون و ئیدی بەڵگەنامەیان هەیە. منداڵەکانی محەممەد کوڕ و کچێک بوون؛ ئەو ناوی لە کوڕەکەی نابوو (ئەسیر) و کچەکەش (ئەیساڵ).
 
باوکە جەرگسووتاوەکە ئێستا بووەتە سیمبوولی جەنگی غەززە، گوتی "من، تەنانەت نەمتوانی بەبۆنەی لەدایکبوونیان خۆشیی بگێڕم و ئاهەنگ بکەم. جلوبەرگیان هێشتا نوێن و لەبەر نەکراون. ئەو دایبییانەم زۆر بە زەحمەت بەدەست کەوت، سێ مانگ هەوڵمدا ئینجا توانیم دایبی پەیدا بکەم."
 
هاوژینی محەممەد ناوی (جومانا)ـیە و پیشەی دەرمانساز بووە؛ لە تەممووزی ساڵی پار هاوسەرگیرییان کرد، ئەمەش واتا سێ مانگ بەر لە دەستپێکردنی جەنگی غەززە. بەهۆی ئەوەی چەند جارێک و لە چەند شوێنێک ئاوارە ببوون، جومانا بە سکپڕییەکی پڕ لە کێشە و ئازاردا تێپەڕی. ئەو هەرچەندە دووانەیەکی لە سکدا بوو، بەڵام تاوەکو حەوت مانگی سکپڕییەکەی لە نەخۆشخانەکان خۆبەخشانە کاری دەکرد. 
 
محەممەد لە باسی هاوژینەکەی گوتی "هەموو رۆژێک لە ترسدا دەژیام، هەموو رۆژێکم تۆقین بوو. دەترسام منداڵەکانی لەباربچێت. زۆر رامانکرد، زۆر ترساین و زۆر ئازارمان چەشت، ئێستا دەمەوێت بزانم بۆچی هاوژین و منداڵەکانم کوژران؟ ئەوان لەناو ماڵی خۆیان لە شوێنێکی سەلامەت بوون، بۆچی بەم شێوەیە کوژران؟ منێکی سڤیل چیم بەرامبەر سوپا پێدەکرێت؟"
 
جەنگی غەززە لە دوای هێرشێکی بزووتنەوەی حەماس لە 07-10-2023 بۆ سەر چەند ئۆردووگایەکی جوونشینی ئیسرائیل دەستیپێکرد. ئێستا و دوای زیاتر لە 10 مانگ؛ تەندروستیی غەززە دەڵێت، نزیکەی 40 هەزار و حکومەتی ئیسرائیلیش دەڵێت، نزیکەی هەزار و 200 کەس کوژراون.