شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتیی وەزیری دەرەوە گەیشتە ئەنقەرە
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی پایەبەرزی عێراق بە سەرۆکایەتیی وەزیری دەرەوە گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی ژمارەیەک دۆسیە و، بڕیارە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی تورکیا کۆببنەوە.
ئێوارەی چوارشەممە، 14ـی ئابی 2024، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی پایەبەرزی عێراق گەیشتە ئەنقەرە. فوئاد حوسێن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "بۆ ژمارەیەک دیداری گرنگ، لەنێویاندا چاوپێکەوتن لەگەڵ دۆست بەڕێز هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، گەیشتینە تورکیا."
وەزیری دەرەوەی عێراق باسی ئەجێندای سەردانەکەی کردووە و دەڵێت: "تاوتوێی ژمارەیەک پرسی گرنگی هاوبەش دەکەین، لەسەروویانەوە لایەنی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، جگە لە بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی بەو جۆرەی کە لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتماندا بێت."
شاندەکە بەشی زۆری ئەندامانی بەرپرسانی ئەمنیین، بڕیارە لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئاست بەرزی تورکیا کۆببنەوە.
بەپێی وێنەیەی وەزیری دەرەوەی عێراق لە ئێکس بڵاویکردووەتەوە، هەریەک لە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە شاندەکەدان.
رۆژی یەکشەممە، 11ـی ئابی 2024، لیژنەی باڵای ئەمنیی عێراق بە سەرۆکایەتیى فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەی عێراق کۆبووەوە. یەکێک لە ئەجێنداى کۆبوونەوەکە ئەو سەردانەیان بوو بۆ تورکیا.
بە گوێرەى راگەیێندراوى وەزارەتى دەرەوەی عێراق، لەو کۆبوونەیەدا تاوتوێی ئامادەکارییەکان بۆ ئەو سەردانە کراوە.
ئەندامانى بەشداربووى لیژنەى باڵاى ئەمنیی عێراق لەو کۆبوونەوە پێکهاتبوون لە رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان؛ سابت عەباسی، وەزیرى بەرگریى عێراق؛ قاسم ئەعرەجى، راوێژکاریى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێى چەند پرسێکى سەربازى و ئەمنى هاوبەش لەنێوان عێراق و تورکیا کرا.
رۆژی هەینی 9-8-2024 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی "هەفتەی داهاتوو تیمی کاری هاوبەشی تورکیا-عێراق کۆدەبێتەوە. شاندی حکومەتی عێراق سەردانمان دەکات و لەگەڵ شاندی تورکیا بە چاودێری وەزارەتی دەرەوە کۆدەبنەوە. تیمە هاوبەشەکە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی هەنگاو بە هەنگاوی بڕیارە ستراتیژییەکانی هەردوو وڵات دەکات هەر لە پرسی ئاو بیگرە تاوەکو بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە و فێرکردن، هاوئاهەنگی سەربازی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر."