شاندێکی ئیسرائیل بۆ دانوستاندن لەبارەی ئاگربەستی غەززە دەچێتە دەوحە

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بەوە دەکەن رۆژی پێنجشەممە، لە دەوحە دانوستاندن لەسەر ئاگربەستی غەززە دەکرێت. تاوەکو ئێستا دیار نییە نوێنەرانی حەماس لەوێ دەبن یان نا. شاندی ئەمریکاش لە بەیرووت دەڵێت، چیدیکە نابێت کات بەفیڕۆ بدرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 14-08-2024 چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە نوێنەرانی ئیسرائیل و حەماس بۆ دانوستاندن لەسەر ئاگربەستی غەززە رایانگەیاند، بەیانیی پێنجشەممە، کۆبوونەوەکان سەبارەت بە راگرتنی جەنگ لە کەرتی غەززە دەستپێدەکەن.
 
جەنگی غەززە نزیکەی 10 مانگ لەمەوبەر دەستی پێکردووە، قەتەر بەردەوام دەرگەی خۆی بۆ ئیسرائیل و حەماس کردووەتەوە تاوەکو لەسەر یەک مێز بگەنە رێککەوتنێک.
 
بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمریکاش، ویڵیەم بێرنز، سەرۆکی دەزگەی (سی ئای ئەی)ـی ئەمریکی پلانی داناوە لە کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممە ئامادەبێت.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دووپاتی کردووەتەوە کە ئەوان نوێنەریان لە کۆبوونەوەکە ئامادە دەبێت.
 
شاندەکەی ئیسرائیل پێکدێن لە دیڤێد برنیع، سەرۆکی مۆساد و ونیتسان ئالۆن، بەرپرسی کەیسی زیندانیان و بێسەروشوێنەکان لە سوپای ئیسرائیل.
 
دەیڤد مێنسەر، گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل گوتی: "حەماس بەردەوامە لە دانانی مەرج و رەتکردنەوەی رێککەوتن. رۆژی 15-08-2024 ئیسرائیل تیمی گفتوگۆکردنی تایبەت بە ئاگربەست دەنێرێت."
 
دیوانی سەرۆکایەتیی وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهو رازی بووە لەسەر چوونی شاندی ئیسرائیل بۆ دەوحە بۆ تەواوکردنی دانوستاندنەکان.
 
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "هاوبەشە قەتەرییەکانمان ئێمەیان دڵنیاکردەوە کە هەوڵی بەردەوام دەدەن بۆ ئەوەی نوێنەری حەماسیش رازی بکەن لە کۆبوونەوەکە ئامادەبێت."
 
لەلایەکی دیکە، سەرچاوەیەکی حەماس رایگەیاند، ئەوان [ئیسرائیلییەکان] یان با بێن و لەسەر ئاگربەستێک رێککەوین، یانیش با هەر نەیەن. ئەو سەرچاوەیە باسی ئەوەی نەکردووە کە حەماس بەشدار دەبێت یان نا.
 
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی گوت  بەرپرسانی حەماس لە راوێژ و کۆبوونەوەدان بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەو بارەوە بدەن. "حەماس دەیەوێت ئەو جەنگە کۆتایی بێت."
 
هەفتەی رابردوو قەتەر، میسر و ئەمریکا داوایان لە هەردوولا کرد بۆشاییەکان پڕبکەنەوە و دەست بە جێبەجێکردنی پلانی ئاگربەست بکەن بەبێ درەنگ کەوتن. 
 
لە نامەیەکدا کە لەلایەن میری قەتەر، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی میسرەوە واژۆکراوە، نووسرابوو: "چوارچێوەیەکی رێککەوتن ئێستا لەسەر مێزی گفتوگۆیە، تەنیا ئەوە ماوە وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی ئەو چوارچێوەیە قسەیان لەسەر بکرێت."
 
دوایین جار کە باسوخواسی ئاگربەستی غەززە زۆر گەرم بوو، رۆژی 31-05-2024 بوو کاتێک جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "ئیسرائیل پێشنیازی چوارچێوەیەکی ئاگربەستی کردووە."
 
شاندی ئەمریکا لە بەیرووت
 
رۆژی چوارشەممە، شاندێکی ئەمریکا سەردانی بەیرووتیان کرد. ئامۆس هۆکستاین، نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "نابێت بۆ ئاگربەستی غەززە کات بەفیڕۆ بدرێت."
 
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، هۆکستاین گوتی: "لەگەڵ نەبیهـ بەڕی، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان، گفتوگۆمان لەسەر ئەو چوارچێوەیە کردووە کە بۆ ئاگربەستی غەززە دانوستاندنی لەسەر دەکرێت. ئێمە هەردووکمان کۆکبووین لەسەر ئەوەی نابێت کات بەفیڕۆ بدرێت، هیچ بیانوویەکیش نەماوەتەوە بۆ ئەوەی رێککەوتن درەنگ بخەن."
 
نێردراوە ئەمریکییەکە ئەوەشی پشتڕاستکردەوە: "رێککەوتنەکە غەززە سوودی دیپلۆماسیی بۆ بەیرووت دەبێت و رێگە لە نانەوەی جەنگێکی گەورەتر دەگرێت."
 
لەگەڵ دەستپێکی جەنگی غەززە، بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنان هاوپەیمانێتیی خۆی بۆ حەماس دەربڕی و لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل هێرش دەکەنە سەر یەکدی.
 
هۆکستان ئەوەی روونکردەوە کە ئەو ئاگربەستە گرنگە بۆ ئەوەی تەنگژەکان کەمببنەوە و دۆخەکە ئارام بێتەوە.
 
حیزبوڵڵا چەند جارێک دووپاتی کردووەتەوە، تاوەکو ئاگربەستی غەززە جێبەجێ نەکرێت، ئەوان لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل ناوەستن. 
 
شاندە  ئەمریکا دواتر چاویان بە نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان کەوت. میقاتی گوتی، کەللـەڕەقیی ئیسرائیل هەوڵەکانی راگرتنی جەنگ لەبار دەبات.
 
کۆتاجار کە ئاگربەستی جەنگ لە غەززە کرابێت رۆژی 24-11-2023 بوو. لە کاروانی یەکەمدا بزووتنەوە فەلەستینییەکە 13 بارمتەی ئیسرائیلیی و ئیسرائیلیش 39 بەندکراوی فەلەستینی ئازادکرد.
 
چەکدارانی حەماس، لە دووەم رۆژی ئاگربەستە چوار رۆژییەکەدا، 13 بارمتەی ئیسرائیلی و چوار تایلاندیان ئازاد کرد، لە بەرامبەردا 39 زیندانی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلییەوە ئازاد کران.
 
لە کاروانی سێیەمدا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "حەماس 17 بارمتەی رادەستی خاچی سوور کرد کە 14یان ئیسرائیلی، دوو تایلاندی و رووسییەکن." ئیسرائیلیش دیسان 39 بەندکراوی ئازاد کرد.
 
دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەسەتەکە، قەتەر نێوەندگیریی کرد و دوو رۆژی دیکە درێژ کرایەوە.
 
لە کاروانی چوارەمدا، بەرپرسانی ئیسرائیل ئازادکردنی 33 بەندکراوی فەلەستینی و حەماسیش ئازادکردنی 11 هاووڵاتیی ئیسرائیلی راگەیاند، بەم جۆرە کۆی گشتی ئازادکراوەکان گەیشتە 69 بارمتە و 150 بەندکراو.
 
چەند خولەکێک پێش تەواوبوونی وادەی ئاگربەستەکە، رۆژێکی دیکەش درێژکرایەوە و چەند بارمتە و بەندکراوێکی دیکە ئازادکران. بەمجۆرە، لە ئاگربەستە 7 رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازادکران.
 
جەنگی ئەمجارەی ئیسرائیل و حەماس بە هێرشی گرووپە چەکدارییەکە بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی نزیک لە غەززە لە 7-10-2023 دەستیپێکرد. 
 
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لەو هێرشەدا لانیکەم هەزار و 200 کەس کوژران و 250 کەسی دیکەش بە بارمتە گیران کە هێشتا 130ـیان لای ئەو گرووپە چەکدارییە ماون.
 
تەندروستیی کەرتی غەززە رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە 39 هەزار و 929 کەس لەو ناوچەیەی فەلەستین کوژراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: ئێمە، ئێستا لە قۆناخی ئامادەییداین

میدیای ئەمریکی: هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل زۆر نزیکە

لیۆنید رێزنیک، بەرپرسی هۆبەی ئامادەکاریی و فریاگوزاری لە شارەوانی حەیفا دەڵێت، "ئێمە لە سەرەتای جەنگەوە لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە لێرەین و تیمەکەمان 24 کاژێر کار دەکەن، بەتایبەتی لەماوەی 10 رۆژی رابردوودا؛ بەهۆی هەموو ئەو گرژیانەی لە ناوچەکە هەن."