حیزبوڵڵا لەسەر سنوورە ئاوییەکانی لوبنان هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری سەربازی دژی ئیسرائیل دەکات، ئەگەر رێککەوتنێک لە بەرژەوەندیی لوبناندا کۆتایی بە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر سنوورە ئاوییەکان نەهێنێت.
 
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، دەبێت لوبنان بتوانێت نەوت و گاز لە سنوورە ئاوییەکانی وڵاتەکەی دەربهێنێت.
 
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی هۆشداریشی دا کە ناردنی سێ درۆنی بێ چەک و تەقەمەنی بۆسەر کێڵگەی گازی "کاریش - KARISH" لە دەریای نێوەڕاست لە سەرەتای ئەم مانگە، "تەنیا سەرەتایەک" بووە.
 
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا دەڵێت، "ئەگەر ئەو مافانەی کە حکومەتی لوبنان نەک حیزبوڵڵا داوایان دەکات پێمان نەدەن، ئەگەر رێگە بە کۆمپانیاکان نەدەن بێن نەوت دەربهێنن، ئەوا خوا دەزانێت ئێمە هەموومان بەرەو کوێ دەڕۆین و چی لە ناوچەکە روودەدات، رەنگە مێزەکە لە هەموو خەڵکەکە سەراوژێر بکەین."
 
حەسەن نەسروڵڵا بە لایەنی ئیسرائیلی دەڵێت، "ئەگەر دەتانەوێت بگەنە هاوکێشەیەک کە رێگە لەم وڵاتە بگرێت بە مافی گاز و نەوتی خۆی، خۆی رزگار بکات، ئەوا هیچ کەسێک ناتوانێت نەوت و گاز دەربهێنێت، هیچ کەسیش ناتوانێت نەوت و گاز بفرۆشێت."
 
رۆژی 02-07-2022، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، سێ درۆنیان خستووەتە خوارەوە، دواتر حیزبوڵڵا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، درۆنەکان "بێ چەک بوون و بۆ کۆکردنەوەی زانیاری نێردرابوون."
 
ئیسرائیل و حیزبوڵڵا ساڵانێکی زۆرە لە ململانێدان، لە هاوینی ساڵی 2006 بۆ ماوەی مانگێک شەڕیان کرد.
 
ئیسرائیل حیزبوڵڵا بە نزیکترین و گەورەترین هەڕەشە بۆسەر خۆی دەزانێت و وا دەیخەمڵێنێت کە ئەو گرووپە نزیکەی 150 هەزار مووشەکی هەبێت.
 
لوبنان دەڵێت، کێڵگەی گازی "کاریش - KARISH" ناوچەیەکی ناکۆکی لەسەرە، بەڵام ئیسرائیل دەڵێت کێڵگەکە دەکەوێتە نێو سنووری ئابووریی دانپێدانراوی خۆیەوە.
 
لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 گفتوگۆکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لەسەر دیاریکردنی سنوورە ئاوییەکان دەستیانپێکرد، کاتێک هەردوولا بە نێوەندگیریی ئەمریکا گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان لە باشووری لوبنان کرد.
 
لە کۆتایی ساڵی 2021ـەوە، ئامۆس هۆچێستین، راسپێردراوی ئەمریکا بۆ نێوەندگیریکردنی گفتوگۆکان چەندین جار سەردانی بەیرووت و تەلئەڤیڤی کردووە.