ئەمڕۆ هەینی، 14ـی حوزەیرانی 2024، عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەولێر گەیشتە شاری هەولێر. ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ سەردانی بەغدای کرد. باقری لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە و بڕیارە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش کۆببێتەوە.
نازم عومەر دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم سەردانەی عەلی باقری بۆ هەرێمی کوردستان بەرهەمی سەردانەکەی پێشووی بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانییە بۆ تاران، کە هەمووی لەپێناوی ئەوەیە پەیوەندییەکان بگەڕێنەوە سەر ئاستی رابردوو و لەجارانیش باشتر بێت، هەوڵبدەن کێشەکان لەرێگەی گفتوگۆ چارەسەر بکرێت."
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێیوایە سەردانی ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران لەم کاتەدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە بارودۆخی ئێستا هەیە و بارودۆخی تایبەتی ناوچەکە هەیە.
نازم دەباغ گوتی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران دەریدەخات هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی هەیە بۆ دۆستایەتی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ کورد و لەچوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵ و دەستووریدا بەپێی دەستوور کە هەیە، ئەم سەردانانە رۆڵی دەبێت بۆ ئایندەی باشتری گەلی کورد لە ناوچەکەدا."
لەبارەی رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و ئێران، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت: "یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم شاندەی کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، جەختکردنەوە و دڵنیابوونەوەیە لە جێبەجێکردنی ئەو رێکەوتننامانەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراقیش هەیە، واتە بە هاوبەشی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، جەختدەکەنەوە کە پێویستە باشتر ئەو کەموکوڕییانەی هەیە چارەسەربکرێن و رێککەوتنەکان جێبەجێ بکرێن."
يهكشهممه 05-05-2024 نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان به بانگهێشتێكى فهرميى كۆمارى ئيسلاميى ئێران و به ياوهريى شاندێك كه له جێگرانى سهرۆك، وهزیری ناوخۆی حکومهتی ههرێمی کوردستان، سهرۆکی دیوانی سهرۆکایهتی و ژمارهيهك له بهرپرسانى ههرێمى كوردستان پێكهاتبوو، سهردانى تارانی کرد.
عەلی باقری لەدوای گیانلەدەستدانی حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە رووداوی تێکشکانی هێلیکۆپتەرێکدا، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات، دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە یەکەمین سەردانی دەبێ بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان.هەفتەی رابردوو باقری سەردانی لوبنان و سووریای کرد و لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو دوو وڵاتە کۆبووەوە.
رۆژی یەکشەممە، 19-05-2024، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێکی دیکە، دوای کردنەوەی بەنداوێک لەسەر سنووری ئازەربایجان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئیلهام عەلیێف، سەرۆککۆماری ئازەربایجان، بە هێلیکۆپتەرێک بەرەو شاری تەورێز گەڕانەوە، بەڵام هێلیکۆپتەرەکەی رەئیسی کەوتەخوارەوە و سەرجەم سەرنشینانی، کە ژمارەیان نۆ کەس بوو، گیانیان لەدەستدا.
دوێنێ پێنجشەممە، 13ـی حوزەیرانی 2024، عەلی باقری گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی کۆبووەوە، دواتر ئەمڕۆ هەینی، گەیشتە هەولێر و لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک بەرپرسی حکومی دیکەوە پێشوازی لێکرا. بڕیارە دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکانی لە هەولێر، سەردانی سلێمانیش بکات.