حەماس: کەس نازانێت چەند بارمتەی ئیسرائیلی لە ژیاندا ماون
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند هیچ کەس زانیاری لەسەر بارمتەکانی ئیسرائیل لەنێو کەرتی غەززە نییە. دەشڵێت، هەر رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنیان دەبێت گەرەنتیی ئاگربەستێکی درێژخایەن و کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیلی لەو کەرتە تێدا بێت.
ئوسامە حەمدان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس بە میدیای ئەمریکای راگەیاندووە، پێشنیازەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئاگربەست کە چەند رۆژێک لەمەوبەر بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، پەسند کرا، لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی ئەواندا نەبووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
لە گەشتەکەیدا بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دەبێت حەماس کۆتایی بەو کات بەفیڕۆدانە بهێنێت و هەوڵبدات گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی تایبەت بە رێککەوتنی ئاگربەست بەرهەمی هەبێت. بلینکن هێرشی کردە یەحیا سینوار، سەرکردەی ئەو گرووپە لەنێو کەرتی غەززە و گوتی: "ئەو لەتونێلەکاندا پارێزراوە، بەڵام ئەو خەڵکەی کە ئەو بەناو پارێزگارییان لێدەکات، هەموو رۆژێک دەچەوسێندرێنەوە."
حەمدان گوتی: "ئێمە دەبێت هەڵوێستێکی روونی ئیسرائیل بەرامبەر بە راگرتنی شەڕ و کشانەوە لە غەززە ببینین. هەروەها رێگە بە فەلەستینییەکان بدەن ئایندەی خۆیان دیاریی بکەن و ئابڵوقەی سەر غەززەش هەڵبگرن."
ئەو بەرپرسە باڵایەی حەماس گوتیشی: "ئیسرائیلییەکان تەنیا شەش هەفتە ئاگربەستیان دەوێت و دواتر دەیانەوێت دەست بە شەڕ بکەنەوە و تائێستاش ئەمریکا نەیتوانیوە ئیسرائیلییەکان لەبارەی ئاگربەستی درێژخایەن رازی بکات."
ئیسرائیل لەوبڕوایەدایە لەو 120 بارمتەیەی لەلای حەماسن، 70یان لە ژیاندا ماون، بەڵام حەمدان دەڵێت: "من زانیاریم لەسەریان نییە و کەسیش نییەتی. بارمتەکانیش هیچ کێشەی دەروونیان نییە و ئەگەری هەیان بێت، ئیسرائیل بەرپرسیارە لەوەی رۆژانە غەززە بۆردوومان دەکات و خەڵکی سڤیل و ئافرەت و منداڵ دەکوژێت".