شەڕی ئیسرائیل و حەماس؛ 119 کەس لە فەلەستین و هەشت کەس لە ئیسرائیل کوژراون


رووداو دیجیتاڵ 

شەڕ لە کەرتی غەززە بەردەوامە، بەشێک لە دانیشتووانەکەی ئەو ناوچانەی شەڕیان تێدایە، لە ترسی بۆردوومان و تۆپبارانی ئیسرائیل شوێنی خۆیان جێدەهێڵن. ئەوان بە گوێدرێژ، بەپێ و بە ئۆتۆمبیل دەڕۆن و بەدوای پەناگەیەکی ئارامدا دەگەڕێن.
 
تاوەکو ئێستا هەزاران کەس خۆیان گەیاندووەتە قوتابخانەکانی سەر بە ئاژانسی هاریکاریی ئاوارە فەلەستینییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە ئونروا. دەڵێن، شەوانی رابردوو لەترسی هێرشەکان خەو نەچووەتە چاویان. 
 
مەعرووف، خەڵکی غەززەیە و دەڵێت، "هیچ ئاگادارکردنەوەیەک نەبوو، هیچ شتێک، دەستمان کرد بە گوتنی ئەڵڵاهوئەکبەر، هەستمان دەکرد خانووەکان دەلەرێنەوە، نەشماندەتوانی بچینە دەرەوە، شەو تاوەکو بەیانی هەر ئەڵڵاهوئەکبەرمان دەگوتەوە. بەیانی ماڵمان بەجێهێشت." 
 
ئاوارەکان چوونەتە نێو 16 قوتابخانەی سەر بە ئاژانسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان. عەدنان ئەبو حەسەن، گوتەبێژی ئونروایە و دەڵێت، "لە شەوی رابردووەوە هەزاران فەلەستینی لە غەززە چوونەتە نێو قوتابخانەکانی ئونروا، ئێمە بڕیارمان نەدابوو دەرگەی قوتابخانەکان بکەینەوە، بەڵام خەڵک لە ترسی گیانی خۆیان بەهۆی هێرشەکانەوە دەرگەکانیان شکاندن. ئەم خەڵکە هەموو شتیان لەماڵەوە جێهێشتووە، پێویستیان بە خۆراک، شوێنی مانەوە و خەوتنە."
 
لە چوار رۆژی رابردوودا بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە لانیکەم 119 کەس کوژراون، لەنێویاندا 31 منداڵ و 19 ژن هەن؛ حەماس کوژرانی 20 ئەندام و چەکداری خۆی پشتڕاستکردووەتەوە و زیاتر لە 900 کەسیش بریندارن.
 
لە ناوچەی سیدرۆت لە دیوی ئیسرائیلەوە لە سنووری غەززە؛ ئیسرائیل هێزی سەربازی ئامادە کردووە و لەوێوە هاوکات لەگەڵ فڕۆکە جەنگییەکاندا تۆپبارانی غەززە دەکات. 
 
لەم ئۆپەراسیۆنەدا ئیسرائیل 160 فڕۆکەی جەنگی بەکارهێناوە، 9000 سەربازی یەدەگی بردووەتە سنووری غەززە.
 
هاوکات لە دەستپێکی شەڕەوە 600 هێرشی ئاسمانی ئەنجام داون و ئیسرائیل دەڵێت 150 ئامانجیان پێکاوە.
 
هێرشەکانی ئیسرائیل لە وەڵامی هێرشە مووشەکییەکانی حەماسدا دەستیان پێکرد کە تاوەکو ئێستا بەگوتەی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل 1800 مووشەکیان گرتووەتە ئیسرائیل و سیستمی بەرگریی ئایرن دۆم زۆربەیانی تێکشکاندووە. 
 
خەڵکی شارەکانی  ئیسرائیلیش لە ترسی هێرشەکان خۆیان حەشار دەدەن. دەیڤد، خەڵکی ئەشکیلۆنە و دەڵێت، "ئەمە یەکەمین جارە لە ئەشکیلۆن شتی وا رووبدات و بەم جۆرە بکەوینە بەر هێرش. نازانم چۆن باسی بکەم، بڕوام نەدەکرد لێرەش ئەمە رووبدات، هیوادارم دووبارە نەبێتەوە و ئەم دۆخەش بەزووترین کات کۆتایی بێت."
 
بەهۆی هێرشەکانی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی کەرتی غەززەوە، لە ئیسرائیل تاوەکو ئێستا: 
 
- هەشت کەس کوژراون
 
- یەکێک لە کوژراوەکان منداڵە 
 
- سەربازێکیش کوژراوە
 
شەڕەکە تەنیا غەززە نییە، بەڵکو لە زۆربەی شارەکان پێکدادان لەنێو عەرەب و جوو دەستیپێکردووە. بەشێک لە شارەکانی ئیسرائیل پڕبوون لە پۆلیس و هێزی سەربازی.
 
لە کەرتی رۆژئاوایشەوە، خۆپێشاندانی فەلەستینییەکان پەرەی سەندووە. لە پێکدادانەکانی ئەمڕۆی ئەو ناوچەیەشدا حەوت فەلەستنی کوژران و 474 کەسی دیکە برینداربوون.