رووداو - هەولێر
حووسییەکان دوو وێستگەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی سعودیەیان بۆردوومانکرد، وەزیری نەوتی سعودیەش دەڵێت "بەئامانجکردنی دامەزراوە نەوتییەکان کردەوەیەکی تیرۆریستی و تێکدەرانەیە".
کەناڵی مەسیرەی حوسییەکان رایگەیاند "لیژنەی شەعبی ئەمڕۆ سێشەممە (14-5-2019) ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی لەدژی چەند ئامانجێکی سعودی لەرێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامداوە".
حووسییەکان دەڵێن ئەم هێرشەی ئەمڕۆ "لە رێگەی حەوت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەدژی سعودیە ئەنجامدراوە، بەهۆی بەردەوامبوونی ئەو وڵاتەیە لە گەمارۆخستنەسەر گەلەکەمان. ئامادەین بەردەوامی بەو جۆرە لێدانە کوشندانە بدەین ئەگەر دوژمن بەردەوامبێت لە گەمارۆکان".
لەبەرامبەردا خالید بن عەبدولعەزیز فالح، وەزیری وزە و پیشەسازی و سامانی کانزایی سعودیە رایگەیاند: لەنێوان کاژێر 06:00 بۆ 06:30ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەردوو وێستگەی هێڵی بۆرییەکانی رۆژهەڵات - رۆژئاوا کە نەوتی سعودیە لە کێڵگە نەوتییەکانی رۆژهەڵات بەرەو بەندەری یەنبەع لە بەری رۆژئاوا دەگوازنەوە، لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو کراونەتە ئامانج، بەو هۆیەوە ئاگر لە بنکەی ژمارە هەشت هەڵگیرساوە، بەڵام دوای ئەوەی بڕێک زیانی گەیاندووە، توانراوە کۆنترۆڵبکرێت".
وەزیری وزە و پیشەسازی و سامانی کانزایی سعودیە هەروەها دەڵێ "ئەمە هێرشێکی تیرۆستیی تێکدەرانەیە، تەنیا سعودیە بە ئامانج ناکات، بەڵکو ئارامیی سەرچاوەی وزەی جیهان و ئابووریی جیهانی بە ئامانج دەکات. پێویستە هەموو لایەنە تیرۆرستییەکانی ئەم جۆرە کارە تێکدەرانە ئەنجامدەدەن، لەنێوشیان میلیشیای حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن".
لەوەتەی مانگی ئازاری 2015ـەوە سعودیە سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی عەرەبی دەکات لە یەمەن بۆ پاڵپشتیکردن لە هێزەکانی سەر بە عەبد رەبە مەنسوور هادی، سەرۆکی یەمەن، ئەمەش لەپێناو کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی هەمان ساڵ لەلایەن گرووپی "ئەنساروڵڵا" دەستیان بەسەردا گیراوە.
بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنە بەردەوامانەوە، بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان یەمەن لە خراپترین قەیرانی مرۆییدایە لە جیهان، بەجۆرێک 22 ملیۆن هاووڵاتی ئەو وڵاتە واتا 75%ـیان پێویستییان بە یارمەتی و پاراستنە. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ "لەنێو ئەو کەسانەشدا، 8.4 ملیۆنیان رۆژانە نازانن ژەمی داهاتوویان چۆن دەستدەکەوێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ