سوپای ئیسرائیل: 99٪ـی هێرشەکەی ئێران تێکشکێندرا و شکستیان هێنا
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند لە سەرەتای هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی ئێران بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی ئیسرائیل، لەسەدا 99ـی هێرشەکانیان تێکشکاندووە و ئێران زیاتر لە 300 مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراوی ئاراستەی وڵاتەکەیان کردووە.
دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 14-4-2024) رایگەیاند ستراتیژیی بەرپەرچدانەوەیان "زۆر سەرکەوتوو بووە". لەو زنجیرە هێرشەدا، "ئێران 170 درۆن، 30 مووشەکی کرووز و 120 مووشەکی بالیستی" ئاراستە کردوون.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت ژمارەیەکی کەمی ئەو مووشەک و درۆنانە گەیشتوونەتە نێو خاکی ئیسرائیل، هێرشەکە "زیانێکی کەمی بە بنکەیەکی ئاسمانی گەیاندووە."
تیمی فریاگوزاریی ئیسرائیل رایگەیاندووە، لەو هێرشانەدا، تەنیا کچێکی تەمەن 10 ساڵان لە شارۆچکەی بەدەوی عەرەبی لە باشووری ئیسرائیل بریندار بووە.
لە واشنتن، دوای سەرپەرشتیکردنی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی باڵای ئەمنی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی هاوکاریی ئیسرائیلی کردووە "بە نزیکەی، سەرجەم درۆن و مووشەکەکانی ئێران ئاراستە کردوون، تێکبشکێنێت".
بایدن بەڵێنیشی دا؛ لەگەڵ هەموو هاوپەیمانەکانی قسە دەکات و کۆدەبێتەوە، بەمەبەستی داڕشتنی پلانێکی تۆکمە و یەکگرتوو بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران.
هێرشەکانی ئێران، سەرکۆنەکردنی بە کۆمەڵی بەدوای خۆیدا هێنا. فەرەنسا رایگەیاند بەو هێرشانە، ئێران "مەترسی رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی زیاتر لە ناوچەکە دروست دەکات." بەریتانیا هێرشەکانی بە "بێباکانە" ناساندووە و ئەڵمانیاش رایگەیاندووە "دەبێت هێرشەکانی ئێران و گرووپەکانی نزیکی، کۆتاییان پێبێت".
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل هەروەها رایگەیاند، زۆربەی هێرشەکانیان لە دەرەوەی سنووری ئیسرائیل تێکشکاندووە، کە 10 لە مووشەکەکان لەڕێگەی فڕۆکە جەنگییەکانییەوە، تێکشکێندراون.
دانیاڵ هەگاری دەڵێت "هێرشی بەرفراوانی ئێران، هەنگاوێکی پەرەسەندنانەیە"، لەبارەی ئەگەری وەڵامی ئیسرائیلیش بۆ ئەو هێرشانە، گوتی "ئێمە هەموو هەنگاوێک دەگرینەبەر بۆ پاراستنی ئاسایشی دەوڵەتی ئیسرائیل."
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە لەوەی ''هێشتا دۆخەکە ئاسایی نەبووەتە' و، سەرجەم هێزەکانیان لە ئامادەباشیدان.
سوپای ئیسرائیل، رایگەیاند، سیستمی بەرگریی دژەمووشەکی ناسراو بە "سیستمی تیر"، لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی هێرشەکەی تێکشکاندووە و "هاوپەیمانە ستراتیژییەکانیشمان" لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان، بەشدار بوون.
لەبارەی رۆڵی ئەمریکا لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، لۆید ئۆسن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا، دەڵێت "هێزەکانی ئەمریکا ژمارەیەک مووشەک و درۆنیان تێکشکاندووە کە بەڕێگەوەبوون بۆ ئیسرائیل و لە ئێران، عێراق، سووریا و یەمەنەوە، ئاراستە کرابوون."