رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری میسر لە گوتارێکیدا ئاماژەی بەوە کرد پەڕەیەکی نوێ لەگەڵ تورکیا هەڵدەدەنەوە. ئەردۆغانیش لە هەمان کۆبوونەوەدا رایگەیاند، لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، پێداگرن لەسەر زیادکردنی دیدارەکانیان لە هەموو ئاستێکدا.
دوای 12 ساڵ لە تێکچوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ میسر، ئەمڕۆ (چوارشەممە 14ـی شوباتی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە قاهیرەی پایتەختی میسر. دوای نزیکەی دوو کاژێر کۆبوونەوەی دوو قۆڵی، کاژێرێکیش سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی شاندی حکومیی نێوان هەردوولای کرد.
سیسی و ئەردۆغان، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی ئیتیحادییە، واژۆیان لەسەر راگەیێندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی باڵای هاریکاریی ستراتیژیی نێوان تورکیا - میسر کرد و کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان رێکخست.
سەرەتا سەرۆککۆماری میسر خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە سەردانی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ وڵاتەکەی لەپاش زیاتر لە 10 ساڵ و رایگەیاند "پەڕەیەکی نوێ لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەڵدەدەینەوە."
سیسی ئاماژەی بەوە کرد لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا هاوڕان لە بارەی دەستبەجێ دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە غەززە و هێورکردنەوەی گرژییەکان لە کەرتی رۆژئاوا. گوتیشی "میسر و تورکیا دەتوانن دەست لەنێو دەست ئەنجامی زۆر باش لە بارەی غەززە بەدەستبهێنن."
سەبارەت بە قەبارەی بازرگانیی نێوان تورکیا - میسر، سیسی رایگەیاند "ئامانجمانە لەگەڵ تورکیا لە ماوەیەکی نزیکدا قەبارەی بازرگانیمان بگەیێنینە 15 ملیار دۆلار."
لەبارەی بانگهێشتکردنی بۆ تورکیا لەلایەن ئەردۆغانەوە، سیسی رایگەیاند "بە تاسەوە چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی بانگهێشتنامەکەی سەرۆککۆمار ئەردۆغان دەکەم بۆ سەردانکردنی تورکیا لە مانگی نیساندا."
دواتر سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند: دوای 12 ساڵ، سەردانیکردنم بۆ قاهیرە دڵخۆشی کردووم. پەیوەندییەکی هەزار ساڵیمان لەگەڵ میسردا هەیە، کار دەکەین بۆ گەشەسەندنی زیاتری پەیوەندییەکانمان لە هەموو روویەک و لە هەموو ئاستێکدا.
گوتیشی "لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەکەماندا، پێداگرین لەسەر زیادکردنی دیدارەکانمان لەگەڵ میسر لە هەموو ئاستێکدا. بۆ ئەمەش، بانگهێشتی فەرمیم پێشکێشی بەڕێز سیسی کرد بۆ سەردانیکردنی تورکیا، بەڕێزیان بەڵێنی پێدام بەم نزیکانە سەردانمان بکات."
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوەش کرد، هاوڕان "بۆ گەیاندنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانمان بۆ 15 ملیار دۆلار." گوتیشی سێ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی هاوبەشیان هەیە. هەروەها بازنەی هەناردەی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا بەتایبەتی درۆنەکان، لەگەڵ میسر فراوانتر دەکرێت. بابەتی هەناردە و هاوردەکردنی گازی LNG و وزەی ناوەکیی پاک، کە یەکێک بووە لەو بابەتانەی گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا.
سەبارەت بە پرسی غەززە، ئەردۆغان گوتی "بەردەوام دەبین لە هاریکاری و راوێژ لەگەڵ برایانی میسرییمان بۆ راگرتنی ئەو خوێنەی لە غەززە دەڕژێت. هەروەها ھەوڵەکان بۆ دەربەدەرکردنی خەڵکی غەززە لە خاکی خۆیان پووچەڵە. چۆڵکردنی غەززە بە زۆر، جێگەی قبوڵ نییە، نەتەنیاهوو بەردەوامە لە کۆمەڵکوژی خەڵکی غەززە."
پەیوەندیی تورکیا - میسر بەهۆی کودەتای سەربازیی عەبدولفەتاح سیسی لە ساڵی 2013 دژی محەممەد مورسی، گرژی تێکەوت و ئاستی پەیوەندییەکان لە باڵیۆزەوە بۆ یاریدەدەری کاربەڕێکەری کۆنسوڵگەری دابەزین.
حکومەتی میسر، تورکیای بەوە تۆمەتبارکرد دەست لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتەکەی وەردەدات و رێز لە سەروەریی میسر و بنەمای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ناگرێت، تورکیاش ئاماژەی بەوە دەکرد، ئەوەی روویداوە، کودەتایە.
هەرچەندە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان گرژ بوون، بەڵام پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات پەرەیان پێدراوە، بە جۆرێک لە ساڵی 2007ـەوە قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات سێ بەرامبەر بووە و گەیشتووەتە 10 ملیار دۆلار. پار، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان گەیشتە 10.8 ملیار دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ