ئایەتووڵڵا ناڕازییەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان.. هەڵگەڕانەوە لە وەلی


رووداو دیجیتاڵ

چەند رۆژێکە نامەیەکی ئایەتووڵڵا مەحموود ئەمجەد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە کە تێیدا هەڵبژاردنەکەی یەکی ئاداری ئێران بە "سووکایەتیپێکردنی ئاشکرا" بە خەڵک لەقەڵەم دەدات و بە رێبەری کۆماری ئیسلامیی دەڵێت، "ئێوە ئەو سووکایەتییە بە هەڵبژاردن ناوزەد دەکەن و دواتریش دەڵێن ئەگەر کەسێک بەشداریی لەم شانۆگەرییە نەکات، تووشی گوناهی گەورە دەبێت. ئایا ئەگەر کەسێک بە گوێی ئەو قسەیە نەکات تووشی گونا‌هـ بووە". 
 
لە نامەکەیدا ئایەتووڵلا محەممەد ئەمجەد؛ عەلی خامنەیی بە "سووککردنی بنەماکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران" تۆمەتبار دەکات، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، ئەو نامەیە تایبەتە بە سێ ساڵ بەر لە ئێستا و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران لە ساڵی 2021، بەڵام ئێستا دوای رەتکردنەوەی شیاوبوونی زۆربەی میانڕەو و ریفۆرمخوازەکان، جارێکی دیکە بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەڵە شەیریان کردووەتەوە. 
 
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 زۆربەی بەربژێرە میانڕەو و ریفۆرمخوازەکان لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە شیاوەتییان رەتکرایەوە و رێگەیان پێنەدرا بەشداریی لە هەڵبژاردندا بکەن 
 
مەحموود ئەمجەد کێیە؟ 
 
ئایەتووڵڵا مەحموود ئەمجەدی تەمەن 84 ساڵ، لە ساڵی 1939 لە شارۆچکەی کەنگەڤەر لە رۆژهەڵاتی کرماشان لە خێزانێکی ئایینی لەدایکبووە، باپیرەی یەکێک بووە لە پیاوە ناسراوەکانی ئایینزای شیعە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بە "ئەفسەح موتەکەلمین" بەنێوبانگ بووە. خێزانەکەیان لە کۆنەوە پێشوازییان لەو زیارەتکارانە کردووە، کە بۆ گەیشتن بە کەربەلا روویان لە کرماشان دەکرد. لە تەمەنی 18 ساڵی بۆ خوێندنی ئایینی روو لە شاری قوم دەکات و دەبێتە قوتابیی کەسانی وەک رووحوڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، محەممەد تەقی بێهجەت و محەممەد حوسێن تەباتەبایی و موحەق داماد لە مەرجەعە ناسراوەکانی شیعە لە حەوزەی زانستی ئایینی قوم. 
 
مەحموود ئەمجەد لەدوای شۆڕشی ئێران بۆ ماوەیەک دەکرێتە نوێنەری رێبەر و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان. هاوکات خەریکی وانە گوتنەوە دەبێت لە مەڵبەندە زانستییە ئایینییەکانی شیعە لە ئیسفەهان، مەشهەد، قوم و تاران. مەحموود ئەمجەد بۆ یەکەم خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کرماشان خۆی بەربژێر کرد، بەڵام دەنگی پێویستی بۆ گەیشتن بۆ ئەو خولە گرنگەی ئەنجوومەن بەدەستنەهێنا. 
 
سەرەتای هەڵگەڕانەوەی ئایەتووڵلا مەحموود ئەمجەد 
 
سەرەتای هەڵگەڕانەوەی ئەم زانا ناسراوە ئایینییەی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئێران لە 2009 دەگەڕێتەوە. مەحموود ئەمجەد لە دوای ئەوەی میر حوسێن مووسەوی رایگەیاند، براوەی هەڵبژاردنە و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ساختە کراوە، پاڵپشتی لە میر حوسێن مووسەوی کرد و گوتنەوەی "وانەی ئەخلاقی" راگرت و نامەیەکی بۆ رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران نارد و گوتی: "ئەگەر ئیمام [رووحوڵڵا خومەینی] زیندووبایە بەدڵنیایی ئەو کەسە [مەحموود ئەحمەدینەژاد]ی دووردەخستەوە."
 
ساڵێک دواتر لە ساڵی 2011 وەک دەربڕینی ناڕەزایی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار لە 2009، ئێرانی بەجێهێشت و رووی لە مالیزیا کرد و رایگەیاند، "من بۆ پێشاندانی ناڕەزایی لەم بارودۆخە لە ئێران دەچمە دەرەوە و تاوەکو ئەو کاتەش ستەم هەبێت ناگەڕێمەوە بۆ ئێران". مەحموود ئەمجەد پاش ماوەیەک مانەوە لای کوڕەکەی دەچێتە مۆسکۆ، بەڵام لەوێش هەڵناکات و لە رەمەزانی ساڵی 2013 گەڕایەوە تاران. 
 
ساڵی 2015 خۆی بۆ هەڵبژاردنی پێنجەم خولی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری بەربژێر دەکاتەوە، بەڵام داوای لێدەکرێت تاقیکردنەوەی ئیجتهادی ئایینی بکات. ئەویش رەتیدەکاتەوە. هەر ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی شیاوبوونەکەی رەتبکرێتەوە. 
 
بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری، ئەو کەسانەی لە خوولێکدا ئیجتهادیان دەسەلمێنرێت پێویست ناکات جارێکی دیکە بۆ خوولەکانی دواتری ئەنجوومەنەکە بەشداری لە تاقیکردنەوەکان بکەن. ئایەتوڵڵا ئەمجەد ئەوە دەکاتە پاساو و ئامادەی تاقیکردنەوەکان نابێت، بۆیە لەلایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە رێگەی پێنادرێت خۆی بۆ ئەنجوومەنەکە بەربژێر بکات. 
 
پێگەی ئایینیی مەحموود ئەمجەد 
 
مەحموود ئەمجەد، کە شاگردەکانی بە ئایەتووڵڵا ئەمجەد دەیناسن، خاوەنی دوو کتێبە لەبواری ئایینی و چوار کتێبیش لەسەر بۆچوون و تێڕوانینە ئاینییەکانی نووسراون. لە رووی پلەی مەزهەبییەوە نەبووەتە مەرجەع، بەڵام بە موجتەهید دەناسرێت. لە رووی زانستییەوە موجتەهید بە کەسێک دەگوترێ، کە باڵاترین پلەی زانستی لە ئایینزای شیعەدا هەیە و دەتوانێ شیکردنەوە بۆ حوکمەکانی قورئان و سوننەت بکات، بەڵام کۆمەڵێک مەرجی دیکە هەن بۆ ئەوەی ببێتە مەرجەع، بەڵام مەرجەع لە رووی ئایینی دەتوانێت پەیڕەوی هەبێت و ئەرکی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە ئەستۆ بگرێت. 
 
گوتارە مێژووییەکەی ئەمجەد لە ئینستاگرام دژی خامنەیی
 
مەحموود ئەمجەد لە دوای رەتکردنەوەی شیاوەتییەکەی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، گەڕایەوە مەڵبەندی زانستی و دەستی بە گوتنەوەی وانەی ئەخلاق کردەوە. پاش لەسێدارەدانی رووحوڵلا زەم، رۆژنامەڤانی ناسراوی ئێران لە 2020، لە لاپەڕەی خۆی لە ئینستاگرام گوتارێکی راستەوخۆی پێشکێشکرد و رایگەیاند؛ ئاغای خامنەیی دەبێت پێداچوونەوە بە دیکتاتۆرییەتەکەی بکات و تەواوی ئەو خوێنانەی لە دوای ساڵی 2009 [ناڕەزاییەکان بە هەڵبژاردنی مەحموود ئەحمەدینەژدا] رژاون لە ئەستۆی خامنەییە. 
 
ئایەتووڵڵا ئەمجەد هەروەها داوای لە رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد تۆبە بکات و رێگە بدات دەستوور هەموار بکرێتەوە، تاوەکو بە خۆشبژێویی و ئازادی بگەن و بەپێچەوانەوە تێدادەچێت. ئەو کاتە زۆربەی چاودێران گوتارەکەیان بە "پێکهاتەشکێن" و " تووند" لەقەڵەمدا. هەر ئەو کاتە (کۆمەڵگەی مامۆستایانی شۆڕشگێر)، کە گەورەترین دامەزراوەی سیاسیی نەریتخوازانە لە ئێران، لە راگەیێنراوێکدا قسەکانی ئایەتووڵڵا کوردەکەی گەڕاندەوە بۆ "لادان" و "بێ عەقڵی" و رایگەیاند: بە قارەمانکردنی کەسێکی خۆفرۆش، سیخوڕ و خیانەتکار لەلایەن کەسێکەوە لەڕێگەی مینبەر و مزگەوتەوە نێوبانگی پەیدا کردووە، جێگەی سەرسووڕمانە. سەرۆکی گەورەترین مەڵبەندی ئایینی شیعەکان مامۆستایانی ئایینی شیعەی لە قسەکانی مەحموود ئەمجەد بێبەری کرد. 
 
ژمارەیەکی زۆر لە قوتابییەکانیشی ئاواتیان بۆ مەرگی خۆیان خواست بۆ ئەو قسانەی لە مامۆستاکەیان لەبارەی رێبەری کۆماری ئیسلامی دەیبیستن. یەکێکیان لە ساڵی 2020 بۆ ئایەتووڵلا ئەمجەدی نووسی: لە نۆ ساڵ پێشترەوە کە فەتوای ئیمامی [رووحوڵڵا خومەینی] لەبارەی سەلمان رووشدی [نووسەری کتێبی ئایەتە شەیتانییەکان]ـی بردە ژێر پرسیار تاوەکو ئێستا ئەو کەسە "دەروون پاکە" نەماوە، کە من ناسیوومە. زۆر بەداخەوە کە "رۆژگار" و "کوڕەکەی" ئەمجەدیان لە ئێمە برد. بەداخەوە. کوڕی ئەمجەد بە ناوی محەممەد لە هەشتاکانەوە چووەتە دەرەوەی ئێران و بە کەسێکی نزیک لە موجاهیدینی خەڵق لەقەڵەم دەدرێت.
 
هەڵوێستی ئەمجەد لە بارەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی
 
لە راگەیێندراوێکدا مەحموود ئەمجەد لە 19ـی ئەیلوولی 2022 بە تووندی سەرکۆنەی هەڵسوکەتی حکومەتی کرد لەگەڵ ناڕازییەکان و رایگەیاند، "ئەو ئیسلامەی بەدڵی خۆمان دروستمانکردووە هەزاران جار لە کوفرکردن گڵاوتر و خراپترە". چەند رۆژ دوای ئەو راگەیێنراوە بۆ هاوسۆزی لەگەڵ ناڕەزاییەکان جلوبەرگی مەلایەتی دانا و رایگەیاند؛ چیدیکە پیاوی ئایینی نامێنێتەوە و دەچێتە بەرەی خەڵک.