رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵی گشتیی فەلەستین لە هەولێر شانازی بەوە دەکات کە ئەفریقای باشوور بەرگریکاری یەکەمی دۆزی فەلەستینە، هیواش دەخوازێت کە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش چاو لە ئەفریقای باشوور بکەن بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان. دەشڵێت، "بە شەکر برینەکانمان ساڕێژ نابن."
نەزمی حزووری، کۆنسوڵی گشتیی فەلەستین لە هەولێر میوانی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی غەززە کرد و رایگەیاند، فەلەستین سەردێڕی هەموو هەواڵەکانی جیهانە، ئێستاش هەموو جیهان چاوی لە دانیشتنەکانی دادگەی دادی نێودەوڵەتییە لە لاهای بەرامبەر ئەو "کۆمەڵکوژییەی ئیسرائیلی داگیرکەر" رۆژانە لە غەززە دەیکات. دەشڵێت، ئێستا ئیسرائیل لە شوێنی سرووشتیی خۆیەتی وەکو "تاوانباری جەنگ" و پێویستە بەرپرسە باڵاکانیان سزا بدرێن. بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل "حکومەتی تیرۆرە" و نەتانیاهوو-ش "سەردەستی تیرۆریستانە."
نەزمی حزووری، داوای لە هەموو ئازادیخوازانی جیهان کرد، پاڵپشتی لە دۆزی رەوای گەلی فەلەستین بکەن و راستەوخۆ پشتیوانی لە هەڵوێستی ئەفریقای باشوور بکەن. گوتیشی، "شانازییە بۆ ئێمەی فەلەستینی بەوەی ئەفریقای باشوور بەرگریکاری یەکەمی دۆزی فەلەستین بێت، هیوادارین وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش چاو لە ئەفریقای باشوور بکەن بۆ بەرگریکردن لە مافی مرۆڤ."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێنج جار سەردانی ناوچەکەی کردووە، پێش ئەو بایدن و وەزیری بەرگری و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل و ناوچەکەیان کرد. بە گوتەی کۆنسوڵی فەلەستین لە هەولێر، ئامانجی سەرەکیی ئەم هەموو سەردانانە، ئاسایش و سەلامەتیی ئیسرائیل بووە، "هیچ کاتێک باسیان لە راگرتنی هێرشی دووژمنکارانەی ئیسرائیلی داگیرکەر بۆسەر غەززە و راگەیاندنی ئاگربەست نەکردووە، تەنیا باسیان لە گەیاندنی سنوورداری هاوکاریی مرۆیی بووە بۆ غەززە. بە شەکر برینەکانمان ساڕێژ نابن."
مەحموود عەباس داوای لە بایدن و ئیدارەکەی کردووە، گوشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و راگرتنی هێرش و بۆردوومانەکان بۆ سەر کەرتی رۆژئاوا و غەززە. نەزمی حزووری باسی لەوە کرد، تەنیا ئەمریکا توانای هەیە، هێرشی "دووژمنکارانەی ئیسرائیلی داگیرکەر" بۆ سەر غەززە رابگرێت.
لەبارەی چالاکیی رێکخراوێکی فەلەستینی کە لە عەفرین یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی ناوچەکانی دیکە دروست دەکات، حزووری رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک پەیوەندیی بە شەرعیەتی نیشتمانیی فەلەستینی نییە و لەلایەن وەزارەتەکانی دەرەوە و ناوخۆی فەلەستینیش رێگەپێدراویان نییە بۆ کارکردن و گوتی، "ئێمەی فەلەستینی لە وشەی نیشتەجێکردن یان نیشتەجێبوون دەترسین، ئێمە گەلێکین لە دژی نیشتەجێبوون یان نیشتەجێکردنی زۆرەملە دەجەنگین. ئەی کەوابێ، چۆن رێگە بە خۆمان دەدەین ماڵ و خاکی کەسێک و نەتەوەیەک داگیر بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ